کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناریک سەبار ەت بە ئێران لە وڵاتی ئوسترالیا

00:38 - 20 جۆزەردان 2719

بەڕێوەچوونی سمیناریک سەبارەت بە ئێران لە وڵاتی ئوسترالیا ڕۆژی شەممە ٨/٦/٢٠١٩ کاتژمێری٩:٣ سەر لە بەیانی تا ١٢:٣٠ی دوانیوەڕۆ، سمینارێک لەسەر وەزعی مافی مرۆڤ لە ئێران و سیاسەتی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پارلمانی کویزلەند لە وڵاتی ئوسترالیا بەڕێوە چوو. سەرەتا نووسەری بەناو بانگ و شرۆڤەکاری سیاسی، ئوسترالیایی "جینا لینیکس " باسێکی تێروتەسەلی مێژوویی لەسەر وەزعی ئێران و حیزبە کوردستانییەکان و دابڕان و شوێندانەریان لەناو بزوتنەوەی کوردیدا پێشکەش بە بەشداران کرد و هەروەها بەڕێزیان تیشکیان خستە سەر سیاسەتی شەڕانگێزی و کردەوەی تێرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەگەرەکانی پاش نەمانی ئەو ڕێژیمە و وەزعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناو ئێران و کوردستان بە تایبەتی و ناوچەکە بەگشتی کە جێی سەرنجی بەشداران بوو . دوای وتەکانی ناوبراو، کاک خالید عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێگای سۆشیال میدیا ڕاستەوخۆ بەشداریی سمینارەکەی کرد. کاک خالید لە قسەکانیدا ئاوڕێکی تێر وتەسەلی لە مێژووی دەیان ساڵەی پڕ لە جینایەت و سەرکوت و تێرۆری جیابیران و تێرۆری ڕێبەرانی هەڵکەوتووی حیزبەکەمان، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور سادق شەڕەفکەندی وهاوڕێیانیانی کرد. هەروەها بەرێزیان تیشکیان خستە سەر، هێرشی مووشەکیی ئەم دواییانەی ڕێژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەڵکەوتوو لەناو خاکی باشووری کوردستاندا، کە بوو بەهۆی شەهید بوونی ١٧کەس لە ئەندامانی حیزب، کە لە ناویاندا بەشێکیان ئەندامی ڕێبەریی بوون و ئەو کردەوەی کۆماری ئیسلامی بە کردەوەیەکی دژە ئینسانی و دژی حیزبی دێموکڕات لە قەڵەمدا. بەڕێزیان وتیان تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی پرسی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکراتی بە تێرۆر و تۆقاندن داوەتەوە و ئەو ڕێژیمە حازر نییە دان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان دابنێ . سەبارەت بە کێشەی ئێران و ئەمریکا و ئارایشی نیزامی لایەنەکان لە کەنداوی فارس، ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەگەڵ بژاردە و ئەڵتەڕناتیڤی جۆراوجۆر ڕووبەڕرو دەبن. هەروەها کاک خالید عەزیزی پێداگری لە سەر ئەوە کردەوە کە جیاواز لە دەرەنجامی ئەو کێشانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ لە گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لە گەڵ مافەکانی مرۆڤ، دێموکڕاسی و مافەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران کۆتایی نەکا. لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا، سەناتۆر "کلێر مۆر" لە حیزبی کرێکاران، باسی ناسیاوی خۆی لە بزوتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەمیشە پارێزەری مافی کوردەکان بووە و پێویستە کۆمەڵگەی کوردی لە دەرەوە لە ڕێگای نوێنەرانی پارلەمان، گوشار بخەنە سەر حکومەتەکان، کە زیاتر ئاوڕ لە کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدەنەوە . دواتر سیناتۆر" ئاندو بارتڵت" یەکێکی دیکە لە بەشداران، تیشکی خستە سەر پێشێلکردنی مافی نەتەوەی کورد لە ئێران و ڕەخنەشی لە حکوومەتی ئوسترالیا گرت کە بۆ کێشەی کورد ئەو جۆرەی کە پێویستە هەڵوێستی نەگرتوە و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم نەکردووە کە ئەوەشی بە کەموکوڕیەکی گەورە بۆ حکوومەتی ئوسترالیا دانا. .پاشان "بەهار ساڵحی" باسێکی لەسەر وەزعی کۆڵبەران و ژیانی قورس و پڕ لە مەترسی ئەوان و چۆنییەتی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خەڵکی هەژار وکەمدەرامەتدا ، پێشکەش کرد کە بوو بە جێی سەرنجی بەشداران. بەڕێز بەهرۆز بووچانی نووسەر و دەرهێنەر وشانۆکاری کورد، کە لە دورگەی مانۆسۆ نیشتەجێیە، بە ڤیدیۆ بەشداری لە سمینارکەدا کرد. بەڕێزیان باسی ژیانی پڕلە مەینەتی پەنابەران و هەڵوێستی حکومەتی ئوسترالیایان لەوباریەوە کرد و ئەو کردەوەی بە نەشیاو لە قەڵەمدا . هەروەها سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دژی کوردان بە هۆکاری سەرەکی ئاوارە بوونی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە قەلەمدا. بووچانی باسی ئەوەشی کرد کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی مافی هەموو کوردێکە لە جیهاندا و ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانی وەک نموونە هێنایەوە . دوکتور ناسر باباخانی مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا ، بەرێزیان لە ڕێگای ڤیدیۆوە بەشداری سیمینارەکەی کرد .بەڕێزیان زۆر زانستیانە ئاوڕێکیان لە کردەوەکانی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی دایەوە. لە کۆتای سمینارەکەدا کاک هۆشیار هونەرپەژو ، بەشداری سیمینارکە بوو. بەڕێزیان باسێکی تێروتەسەلیان بە ئامار و داتا لە سەر کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداربوان روون کردەوە  کە بوو بەهۆی بەرچاو ڕوونی زیاتر بۆ بەشداربوانی سمینارکە کە کۆماری ئیسلامی چەندە جینایەتکار و دڕندەیە.