کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی ٥٤٧ ڕیستوران و قاوەخانە لە شاری تاران

22:23 - 20 جۆزەردان 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆری وەک پێشێلکردنی یاساکانی ئیسلام، ٥٤٧ ڕێستووران و قاوەخانەی لە شاری تاران داخست. ماوەیەک لەمەوبەر شارەوانی تاران لە ڕێگای دانانی ژمارە تەلەفۆنێک داوای لە خەڵک کرد کە لە ڕێگای ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە سەرپێچییەکانی خەڵک وەک گوێگرتن لە مۆسیقای ڕێگەپێنەدراو، میوانداری تێکەڵاو لە ژن و پیاو و هەروەها ئەو ژنانەی کە لە نێو ماشێنە شەخسییەکانی خۆیاندا حیجابی ئیسلامی لەبەرچاو ناگرن، هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە. دوابەدوای ئەو بڕیارەی شارەوانی تاران، پۆلیس بە بیانووی لەبەرچاونەگرتنی یاسا ئیسلامییەکان ٥٤٧ ڕێستووران و قاوەخانەیان لە شاری تاران داخست و یەکێک لە هۆیەکانی داخستنی ئەو ڕێستووران و قاوەخانانە بڵاوکردنەوەی مۆسیقای بێگانە بوو. پێشتریش ڕێژیم دەستووری بە کافەکان دابوو کە دەبێ کامێرای چاودێری لە کافەکان دابنێن بەڵام زۆر کەس ئەوەیان قبووڵ نەکردووە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو بڕیارەی ڕێژیم کافەکانیان داخست. داخستنی کافە و ڕیستوورانەکان بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی یاسا ئیسلامییەکان و یەک لەوان بڵاوکردنەوەی گۆرانی و مۆسیقا بۆ میوانەکان، گوشار خستنە سەر خەڵکە بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر ئەو خەڵکە بێبەش کەن لە شادی و خۆشی و دەسەڵاتدارانی وڵات بە جۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن کە دەچنە نێو ژیانی شەخسی خەڵک و ئەوە ئەوانن کە بڕیار دەدەن کە خەڵک دەبێ گوێ بۆ چ گۆرانی و مۆسیقایەک بگرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە ماوەی چل سالە بەهۆی شەڕ و تێرۆر و کوشت و کوشتار نەیهێشتوە فرمێسک لە چاوی خەڵکی ئێران وشک بێتەوە و کەمتر بنەماڵەیەک هەیە کە بەهۆی سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەو ڕێژیمە خوێنڕێژەوە تووشی کۆست و نەهامەتییەک نەبووبێ، لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵک دەیانهەوێ بە گوێگرتن لە مۆسیقایەک یا چوونە دەرەوە و بەشداریکردن لە ئاهەنگێکدا کەمێک لە خەم و نیگەرانییەکانیان کەم بکەنەوە، لەگەڵ کردەوەی نەشیاو و دژی ئینسانیانەی بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو دەبنەوە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی جیهانی ڕۆژبەڕۆژ بەرەوپێش دەچێ و دەوڵەتان بە پلان و بەرنامە دەیانهەوێ خەڵکی وڵاتەکەیان شاد بکەن و نەهێڵن تووشی دڵتەنگی و خەمۆکی بن، ئەوە لە وڵاتەکەی ئێمەدا بە پلان و بەرنامە ڕێژیم دەیهەوێ پێش لە شادی و خۆشییەکانی خەڵک بگرێ. ڕێژیمێک کە لەسەر بناغەی کوشت و کوشتار دامەزراوە، دەیهەوێ فەرهەنگی گریان و لەخۆدان و پەرەپێبدا و لەو ڕێگەیەوە پێش لە دەربڕینی شادیی خەڵک بگرێ و نەهێڵن بۆ ساتێک خەڵک بۆخۆیان بژین و دەیانهەوێ ژیانی خەڵک و لە کافە و بنەماڵەکانیشدا کۆنتڕۆڵ بکەن.