کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕیژیم بۆ سەپاندنی ناوی تیرۆریست بە سەر دژبەرانی خۆیدا

22:25 - 20 جۆزەردان 2719

ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ماکەی تێرۆریزم لە جیهاندا، ئێستا بەجێی دەستەواژەی دژە شۆڕش دەستەواژەی تێرۆریست بۆ هێزە کوردییەکان بەکار دێنێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی پشتیوانی گەورەی تێرۆریزمە و لە جیهاندا بە هۆی تێرۆریست بوونیەوە بۆتە یەکێک لە دەوڵەتە بەدناوەکانی دنیا، دەیهەوێ دەستە چەورەکەی خۆی بە سەری نەیارەکانی بسڕێ و دەستەواژەی تێرۆر بۆ هێزە ئازادیخوازەکانی کورد بەکار بێنێ. ڕێژیم لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا پەروەردەی تێرۆریستی وەک یەکێک لە پلان و کارە بنچینەییەکانی خۆی داناوە و دەرهەق بە دژبەرانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی خۆی نەبواردوە. سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمان ئەو تێرۆریستە دڵڕەشانەن کە سەدان کەسیان لە ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی و گەلانی دیکەی جیهان و ناوچەکە تێرۆر کردووە. تا ئێستا ڕێژیمی ئاخوندیی لە دەیان و سەدان کردەوەی تێرۆریستی تێوەگلاوە و لە هەر شوێنێک کردەوەیەکی تێرۆریستی ڕووبدا پێش هەر کەس و لایەنێک پەنجەی تۆمەت بۆ لای کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ دەکرێ. تێرۆری یەهوودییەکان و تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی و فرووهەرەکان، بەختیار و ڕەجەوی و دەیان تێرۆری دیکە لەو تێرۆرانەن کە لە جیهاندا دەنگیان دایەوە و حوکمی دادگای مێکۆنۆسیش یەکێک لەو حوکمە ئازایانەی ئورووپاییەکان بوو کە شەخسی خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سەرۆک کۆمار، وەزیر و کاربەدەستانی دیکەی لە تێرۆری دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیدا بە تاوانبار ناسی. پێکهێنانی دەیان گرووپی تێرۆریستی لە ناوچەکەدا، هاوکاری لەگەڵ ئەلقاعیدە، پشتیوانی لە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنان و سەرەنجام بە تێرۆریست ناسینی گەورەترین هێزی سەربازیی ئێران واتە سپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە، باشترین بەڵگەن لە سەر تێرۆریست بوونی ڕێژیمی ئاخوندەکان و بە ناوهێنانی هێزە کوردییەکان وەک تێرۆریست، نەک هەر ناتوانێ تێرۆریست بوونی خۆی بشارێتەوە بەڵکوو ناتوانێ ئازادیخوازانی کوردیشی پێ بەدناو بکا. هێزە ئازادیخوازەکانی کورد هەمیشە دژی تێرۆر بوون و تێرۆریان مەحکووم کردووە. کورد خۆی قوربانی دەستی تێرۆرە و بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی قەت پەنای بۆ تێرۆر نەبردووە. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر دەستەواژەی تێرۆریستیان پێوە ناچەسپێ، بەڵکوو وەک هێزی سیاسی و دێموکڕات لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان دەردەکەون و تا ئێستاش هیچ دەوڵەت و لایەنێک بە تێرۆریست ناوی نەبردوون و وەک دێموکرات و مافخواز پێشوازیان لێکراوە. ڕێکخراوی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیست نموونەی بەرچاوی ئەو لایەنانەن کە بەشیک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تییدا ئەندامن و ئەوەش وڵامێکی توندە بۆ ڕیژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەو ڕیژیمە ئێستا وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناسراوە.