کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبفرۆشێکی مەهابادی، لە دوکانەکەیدا کوژرا

00:24 - 21 جۆزەردان 2719

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی ، سمایل مووسازادە، ناسراو بە سمایل بۆکانی، خاوەنی کتێفرۆشی پژوهێش لە شاری مەهاباد بە دەستی کەسێکی نەناسراو کوژرا. بکوژەکە سێ فیشەکی بەو کتێفرۆشە ناوەو پاشان هەڵاتووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە سەر ناسنامەی بکوژەکە و هۆکاری کوشتنی سمایل مووسازادە هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام بە پێی هەواڵدەریی هاژە بەرپرسی هێزە ئنتیزامییەکانی شاری مەهاباد رایگەیاندوە کە کەسێک بە ناوی "س.ش" یان دەسبەسەرکردوە کە دانی بە کوشتنی سمایل مووسازادە ناوەو هۆکارەکەشی بۆ کێشەی تاکەکەسیی گەڕاندوتەوە. تەرمی ناوبراو بۆ شیتەڵکاریی زیاتر ڕەوانەی پزیشکیی قانوونی مەهاباد کراوە. جێی‌ئاماژەیە سمایل مووسازادە کوڕی خاتوو ڕووناک ئاقایی، ژنە چالاکی مەهابادییە کە تا ئێستا دوو جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراوە. جارێک بە ٥ ساڵ زیندان سزا دراو و لە سەروبەندی ڕێفڕاندۆمی هەرێمی کوردستانیش لە گەڵ کچەکەی دەسبەسەرکران و بە ٦مانگ زیندان سزا دران.