بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسداران، دوو دیپڵۆماتی بریتانی و هولەندی لەگەڵ چەند هونەرمەندیکی شانۆ و سینەمای ئێرانی لە کاتی میوانیی لە ماڵێکدا دەسبەسەر کران. ئەو هەواڵدەرییە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی لەو ماڵەدا لە ئاهەنگێکی شەوانەدا دەسبەسەر کراون و لەوێدا ژن و پیاو بەیەکەوە بەشدار بوون.
هەر لە پێوەندیی لەگەڵ میوانداریی و ئاهەنگی شەوانەدا، ئەندامێکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە نابێ ئیجازە بدرێ میوانداریی تێکەڵاویی ژنان و پیاوان لە باڵوێزخانەکانی وڵاتانی بێگانەدا بەڕێوە بچێ.
شایانی باسە کە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی شەوانە لە شاری تاران چەند ساڵێکە بۆتە یەکێک لە کێشەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم و تا ئێستا بەدەیان جار خەڵکیان لە شوێنە جیاجیاکانی تاران دەسبەسەر کردووە وبە بیانووی پێشێلکردنی یاسا ئیسلامییەکان ڕەوانەی زیندان و دادگاکانیان کردوون.
هەر لەم ڕۆژانەدا نزیک بە پێنجسەد ڕێستووران و قاوەخانە لە تاران داخران کە ژنان و پیاوان لە کافەکاندا خەریکی بەسەر بردنی کات و پشوودان بوون و کاربەدەستانی ڕێژیم بیانووی ئەوەیان بە خاوەن ڕێستووران و قاوەخانەکان گرتوە کە لەوێدا ژن و پیاو تێکەڵاون یا مۆسیقای بێگانە بۆ میوان و مشتەرییەکانیان بڵاو دەکەنەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک دەیهەوێ ڕێ لە خەڵک بگرێ بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر نەبەن و دەیانهەوێ خەڵکی ئێران هەر ڕەشپۆش و خەریکی گریان و لەخۆدان بێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چل ساڵە بۆتە هۆی گریان و نەهامەتی و بەدبەختی خەڵکی ئێران و قەت نەیهێشت ڕۆژێک بە ئاسوودەیی ژیان تێپەڕ بکەن.
خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەوە زیاتر توانای جێبەجێکردنی یاسا داسەپاوە کۆنەپەرەستەکانی ڕێژیمیان نەماوە و هەر ڕۆژە بەجۆرێک ناڕەزایەتی خۆیان لەو یاسا دواکەوتوانە و لەو ڕێژیمە کۆنەپەرەستە دژی ئینسانییە دەردەبڕن و بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەکانیش لەو ناڕەزایەتیانەی خەڵکن و نایانهەوێ چیتر یاساکانی ئەو ڕێژیمە جێبەجێ بکەن.