کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان: دۆخی ناوچەکە مەترسیدار و لە حاڵی تەقینەوەدایە

18:36 - 21 جۆزەردان 2719

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بۆ باس و وتووێژ لە سەر ڕێککەوتننامەی بەرجام سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کۆبۆوە. هایکو ماس، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە سەردانەکەی خۆیدا بۆ ئێران ڕایگەیاند کە دۆخی ناوچەکە زۆر مەترسیدارە و لە حاڵی تەقینەوە دایە و داوایکرد کە ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا لەوە زیاتر پەرە نەستێنن. ناوبراو ڕایگەیاند، ئێمە نامانهەوێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی. ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە تازەترین ڕاپۆرتیدا باس لەوە دەکا کە ئێران خەریکی پەرەپێدانی پیتاندنی یۆرانیۆمە. هایکو ماس، داوایکرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتننامەی بەرجام نەکشێتەوە و لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لەو ڕێوشوێنە بانکی و داراییە کرد کە دوای چوونە دەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکی گەڕی دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە و وڵاتانی ئورووپایی دەیانهەوێ لە بەرانبەر نەوتدا، بەجێی پووڵ، کەلوپەل بدەن بە ئێران، بەڵام ناوبراو نەیشاردەوە و گوتی کە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کارێکی ئاسان نییە. لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر لە ساڵێکە وڵاتانی ئورووپایی خەریکی جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەن بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە تا ئێستاش نەیانتوانیوە بیخەنە بواری جێبەجیکردنەوە.