کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: بۆ ڕێککەوتن، ئێران دەبێ ئەو ١٢شەرتەی ئەمریکا جێبەجێ بکا

18:39 - 21 جۆزەردان 2719

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆ ڕیککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ١٢ شەرتمان دیاریکردوە و ئێران دەبێ ئەو ١٢ خاڵە جێبەجێ بکا. ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی،  "مۆرگان ئورتگاس"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئامادەیە وتووێژ لەگەڵ ئێران بکا، بەڵام کۆماری ئیسلامی دوو ڕێگای لە پێشە، یا دەبێ ڕەفتاری خۆی بگۆڕێ یا دەبێ چاوەڕوانی داڕمانی ئابووری ئێران بێ. هەر لەو پیوەندییەدا ناوبراو ڕایگەیاند کە ئیجازە بە هیچ وڵاتێک نادەن کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پێشێل بکات. مۆرگان ئورتگاس لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیای پێترۆشیمی و کۆمپانیاکانی دیکەی سەر بەو کۆمپانیایە ڕایگەیاند کە ئێران دەبێ ڕەفتارەکانی بگۆڕێ و تەنیا ڕێگەش بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ ئەو ١٢ شەرتە قبووڵ بکات کە ئەمریکا بۆی دیاریکردووە.ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ ئێران پابەند بکا کە لەو بارەوە وەڵامدەر بێ.