کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناویی زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی فشافوویە

17:17 - 23 جۆزەردان 2719

زیندانییەکی سیاسی بە ناوی "عەلیڕەزا شێرمحەممەد عەلی" لە زیندانی فشافوویەی تاران بەشێوەیەکی گوماناویی کوژرا و جارێکی دیکەش بەرپرسانی قەزایی لەو بارەوە بێدەنگییان ڕاگرتووە. کوژرانی گوماناوی عەلیڕەزا شێر محەممەد عەلی لە زیندانی فشافوویەی تاران ناسراو بە دۆزەخی زیندانیان، لە مێدیاکاندا دەنگی دایەوە و کوژرانی ناوبراو بەو شێوە گوماناوییە کە گۆیا لە ناو زینداندا کێشەی لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە هەبووە و ئەوان کوشتوویانە. ئەوە قسەی بەرپرسانی زیندان و کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام پارێزەری ناوبراو، محەممەد عەلی عیرفانیان دەڵی،"عەلیڕەزا کێشەی لەگەڵ هیچکەس نەبووە و دوو قاتڵ لە زینداندا کە لە بەندی تاکەکەسیدا بوون هێرشیان کردۆتە سەر ناوبراو و کوشتوویانە". ئەوە لە کاتێکدایە کە کەسانێک کە لە بەندی تاکەکەسیدا بن و هەمیشە لەژێر چاودێری پاسەوانەکانی زینداندا بن، چۆن دەتوانن بچنە ناو بەندێکی دیکە و لەوێدا بەندییەکی دیکە بکوژن کە هیچ ناسیاوی و کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتر نەبووە. قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ کوشتن و لەنابردنی عەلیڕەزا شیرمحەممەد عەلی لە کاتێکدایە کە ئەوە یەکەمین جار نییە کە زیندانیانی سیاسی بەشێوەی گوماناوی لەناو زینداندا دەکوژرێن و گیان لە دەستدەدەن و پێشتریش لە کاتی خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی کە هەزاران کەس لە ئێران و کوردستان دەسبەسەر کران، نزیک بە ٢٥ کەس بەشێوەی گوماناوی لە زینداندا گیانیان لەدەستدا و کاربەدەستانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە ئەو زیندانیانە خۆیان کوشتوە. لە پێوەندی لەگەڵ کاردانەوەکان بە نیسبەت مەرگی گوماناویی عەلیڕەزا شێرمحەممەدعەلی و ناڕوونییەکان لەو بارەوە مەحموود سادقی نوێنەری شاری تاران ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی بەندیخانەی فشافوویە هێشتاکە ڕێگەیان نەداوە سەردانی ئەو بەندیخانەیە بکرێ و لەگەڵ نوێنەرانیش هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەبووە. عەلیڕەزا شێر محەممەد عەلی یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانە بوو کە پێشتر نزیکە بە مانگێک لەگەڵ زیندانیی سیاسیی کورد بەرزان محەممەدی مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لە دوایین نامەکەیدا بە وردی باس لە دۆخی خراپی بەندیخانەی فشافوویە دەکا و بە ڕاشکاوی هێندێک لە ڕاگەیاندنەکان و کۆڕو کۆمەڵەکانی پێوەندی‌دار بە خەمسارد و نابەرپرسیار لە قەڵەم داوە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە عەلیڕەزا شێرمحەممەد عەلی تەمەن ٢١ ساڵ لە پووشپەڕی ساڵی ٩٧ی هەتاوی بە تاوانی بانگەشە بەدژی ڕێژیم ، بێڕیزی کردن بە پیرۆزییەکان و بێڕیزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری باڵای نیزام بە ٨ساڵ زیندان سزا درا و بڕیار بوو کە دادگای پێداچوونەوەی ئەو بەندییە سیاسییە ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر بە ٣٠ جار لێدان بە چەقۆ پەروەندەی ژیانی بە کۆمەڵێک پرسیارەوە بۆ هەمیشە داخرا.