کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا محەممەدی زیاتر لە سێ حەوتەیە چارەنووسی ناڕوونە

22:55 - 23 جۆزەردان 2719

زارا محەممەدی کچە چالاکی مەدەنیی کورد، زیاتر لە سێ حەوتەیە کە چارەنووسی ناڕوونەو ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ حەوتە لە دەسبەسەرکرانی زارا محەممەدی و سەرەڕای وادە و بەڵێنیەکانی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنی ، بەڵام تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەو کچە چالاکە چارەنووسی ناڕوونەو لە سەر هۆکاری گرتن و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە. ناوبراو بەرپرسی گشتیی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژینە کە ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی هێرش کرایە سەر ماڵەکەیان و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرا. شایانی باسە کە دوای دەسبەسەرکرانی زارا محەممەد چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی کە خۆبەخشانە چەند ساڵە خەریکی گوتنەوەی ڕێنووسی کوردییە لە ناوچەی سنە، چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کورد هەوڵی خۆیانیان وەگەڕخست بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی و گوشارخستن بۆ سەر دەزگای قەزایی ئێران و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵیک چالاکی وەکوو مانگرتن لەبەردەم دادگوستەری شاری سنەو کەمپەینی چەند هەزار کەسی و زریانی تویتەرییان بەڕێوەبرد. زارا محەممەدی تەمەن ٢٨ساڵ بە ڕەچەڵەك خەڵکی ئاوایی سەرەواڵەی شاری دێولانەو ئێستا نیشتەجێی شارۆچکەی نایسەری سنەیەو لە زانکۆی بیرجەند بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆ پۆلتیکی وەرگرتووە. پێویستە بگوترێ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان مەحکووم کرد.