کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە دوو کەشتی نەوتکێش لە دەریای عوماندا

22:58 - 23 جۆزەردان 2719

بەپێی سەرچاەکانی هەواڵ ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە دوو کەشتی نەوت هەڵگر لە دەریای عومان ڕوویدا. تەقاندنەوەی ئەو دوو کەشتییە کە تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ڕوون نییە کە سەر بە کام کۆمپانیای نەوتی جیهانن لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر تەقینەوەیەک لە چەند کەشتییەکی ئیمارات و سەعوودیە هەر بە هەمان شێوە ڕوویدا و لە یەکەم کاردانەوەکاندا پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ کرا. دوابەدوای گەمارۆکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی ڕایانگەیاند کە "مادام ئێمە نەتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین، خەڵکی دیکەش ناتوانن بە ئارامی نەوتی خۆیان بفرۆشن". ئەو قسانەی کاربەدەستانی ڕێژیم بوونە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ ڕوودانی هەر تەقینەوە و خراپەکارییەکدا پەنجەی تۆمەت بۆ لای ئەو ڕێژیمە ڕابکێشن. بێجگە لەمەش، پێش گەمارۆکان و پێش هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو خراپەکارییانە دەگمەن بوون، بەڵام هەر دوای ئەو قسانەی کاربەدەستانی ڕێژیم، تەقینەوە لە چەند کەشتی عەڕەبستان و ئیمارات ڕوویدا، هێرش کرایە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی عەڕەبستانی سەعوودی و ئەمڕۆش ئەو کردەوە خراپکارانەیە لە دوو کەشتی لە دەریای عەممان ڕوویدا. دوای تەقینەوە لە کەشتییەکانی عەڕەبستان و ئیمارات هەیئەتێکی پێکهاتوو لە چوار وڵات، واتە ئەمریکا، ئیمارات، عەڕەبستان و نۆروێژ دەستی بە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە کرد و ئاکامی لێکۆڵینەوەکەیان دایە ئەنجوومەنی ئاسایش و لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی وردەکاریی لێکۆڵینەوەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکەدا باس لەوە دەکرێ کە دەستی دەوڵەتێک لە پشت ئەو تەقینەوانەدا بووە. بێگومان کە باسی دەوڵەت دەکرێ و قسە و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەکەوە بەراورد بکەین، دەردەکەوێ کە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو تەقینەوانەدا هەبووە. لەگەڵ ئەوەی کە جارێ ئاکامی لێکۆڵینەوە لەو دوو کەشتییەی دەریای عومان دیار نییە، بەڵام بەپێی پێشینەی کۆماری ئیسلامی لە کاری تێرۆریستی و تێکدەرانە و هەڕەشەکانی لە کەشتییە نەوتییەکانی جیهان، هیچ دوور نییە کە دەستێ ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیەی تێدا نەبووبێ.