کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ئاگر کەوتنەوە لە ژینگەی کوردستان

21:37 - 25 جۆزەردان 2719

ماوەیەکی بەشێوەیەکی بەردەوام دەغڵ و دان و لێڕەوارەکانی کوردستان ئاگر دەگرن و تا ئێستاس هۆکارەکەی ڕوون نییە. هەموو ساڵێك لە وەرزی گەرما و هەڵگرتنەوەی خەلە و خەرماندا دەسڕەنجی جووتیاران و خەڵکی هەژاری کوردستان ئاگر دەگرێ یا ئاگری تێبەردەدرێ و تا ئێستا هیچ ڕێکارێکیش بۆ بەرگری لە ڕوودانی ئاگر کەوتنەوە نەگیراوەتە بەر. لەمڕۆژانەدا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە تایبەتی خوارووی کوردستان ئاگر لە گەنم و لێڕەوارەکان بەردەدرێ و بەو کردەوە دژی ئینسانییە، خەڵکی هەژار و وەرزێرانی ناوچەکە لە بەرهەمی ساڵێک ڕەنج و زەحمەتیان بێبەش دەکرێن. ناوەندە پێوەندیدارەکان نەک هەر هیچ هەنگاوێک بۆ بەرگری لەو کردەوە هەڵناگرن، بەڵکوو ئامادە نین هاوکاریی ژینگە پارێزانیش بکەن بۆ ئەوەی کە ژینگەی کوردستان و بەرهەمی جووتیاران لەنێو نەچێ. لەگەڵ ئەوەی کە هۆکاری ئەو کارە تێکدەرانەیە دیار نییە، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتدارێتیدا هەمیشە پێشقەدەم بووە بۆ بڕینی لێڕەوارەکان و ئاگر تێبەردانی ژینگەی کوردستان. ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی مەریوان ژینگە پارێزان بەهۆی بەرگری لە سووتانی لێڕەوارەکان بە شێوەیەکی گوماناوی جەستەیان لەنێو ئاگردا سووتا و خەمێکی گەورەیان نایە سەر دڵی خەڵکی کوردستان. لەنێوخۆی وڵات دڵسۆزانی ژینگەی کوردستان لە ئەنجوومەنی جیاجیادا خۆبەخشانە لەهەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستاندان و هەمیشە لە هەوڵی جوان ڕاگرتنی ژینگەی نیشتماندان. ڕێژیم خۆی کە دژی ژینگەی کوردستانە و بەهەموو شیوەیەک دەیهەوێ ژینگەی کوردستان تێکبدا، هەر ڕۆژە بە بیانوویەک ژینگەپارێزان تووشی کێشە دەکا و ڕاپێچی دادگا و ناوەندە ئەمنییەکانیان دەکا و بە هەڕەشە و ترساندن دەیهەوێ واز لە پاراستنی ژینگەی کوردستان بێنن