کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تویتێر بۆ جارێکی دیکە ٤٧٧٩ لاپەڕەی تویتێری سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داخست

21:38 - 25 جۆزەردان 2719

کۆمپانیای تویتێر رایگەیاند کە لەم ماوەیەدا بۆ جاری دووهەم ٤٧٧٩ لاپەڕەی ساختەی تویتێری سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داخستوە. داخستنی لاپەڕە ساختەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر، تویتێر ٢٨٠٠ لاپەڕەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داخست و ڕایگەیاند کە ئەو لاپەڕانە بە ناوی ساختەوە کراونەوە و بە زمانە جۆراوجۆرەکانی جیهان بە دژایەتی چەند وڵاتێکی دیاریکراو هەواڵ و ڕاپۆرتی ناڕاست و چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە و بیروڕای گشتیی جیهان سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی جیهان چەواشە دەکەن. دوای ئەوەی کە سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بە تێرۆریست ناسرا، کۆمپانیاکانی فەیسبووک و ئینستاگرام لە بڕیارێکی لەم چەشنەدا لاپەڕەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئاخوندیان داخست. ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستێکی باڵای هەیە لە تێرۆر و تێکدان و ئاژاوەگێڕیدا، لە هیچ کردەوەیەکی نایاسایی خۆی ناپارێزی و هەر ڕۆژە بە جۆرێک لە کردەوەیەکی تێکدەرانە تێوەدەگلێ و هەر ڕۆژە ڕیسواییەک بە پەروەندەی پڕ لە ڕیسوایی و شەرمەزاریی خۆیەوە زیاد دەکا. ڕێژیمی ئاخۆندی بەهۆی کردەوە تێکدەرانەکانییەوە لە هەموو جیهان بە ڕێژیمێکی چەواشەکار و بێزراو ناسراوە و لە هەر شوێنێک کردەوەیەکی خراپەکارانە ڕووبدا، خێرا پەنجەی تۆمەت بۆ لای ئەو ڕێژیمە تیرۆریست و ئاژاوەگێڕە درێژ دەکرێ و ناوی لە زۆربەی لیستە ڕەشەکانی جیهاندا هەیە. ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ڕێگاکانەوە دەیهەوێ یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکا و بە کار و کردەوە ئاژاوەگێرییەکانی خۆی، ئارامی و ئاسایشی جیهان بشێوێنێ. داخستنی هەزاران لاپەڕەی ڕێژیمی ئاخوندی لە مێدیکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەڵگەیەکی حاشا لێنەکراون بۆ پابەند نەبوونی ئەو ڕێژیمە بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانەوە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی بۆ بیروڕای گشتیی جیهان ئاشکرا دەبێ.