کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای عومان و کاردانەوەکان

21:39 - 25 جۆزەردان 2719

ڕۆژی ٢٤ی جۆزەردان هێرشکرایە سەر دوو کەشتی نەوتکێش لە دەریای عومان و ئەو کردەوە تێکدەرانەیەش کاردانەوەی وڵاتانی بە دوای خۆیدا هێنا. لە دووهەمین هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکان تەنیا لە ماوەی مانگێکدا، بۆ جارێکیتر پەنجەی تۆمەت بۆ لای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاکێشرا و لە یەکەمین کاردانەوەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد. سەرۆک کۆماری ئەمریکاش لە تویتێکدا بە نیشانەی پەسەند کردنی قسەکانی پۆمپیئۆ، تویتی ناوبراوی لە لاپەڕەی تویتیری خۆیدا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەستی لەو کردەوەیەدا هەیە. دوابەدوای لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەر تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزیری دەروەی بریتانیاش ڕایگەیاند کە باوەڕمان بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەیە و کۆماری ئیسلامی دەستی لەو تەقینەوەیەدا هەیە. لەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتی کردەوە کە دەستی لەو تەقینەوانەدا هەبێ، بەڵام فەرماندەهی هێزەکانی ئەمریکا کورتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە لە ڤیدیۆکەدا بەلەمێکی ئێرانی خەریکی هەڵگرتنەوەی بۆمبێکە لە ژێر یەکێک لە کەشتییەکاندا کە ئامانجی خۆی نەپێکاوە و نەتەقیوەتەوە. لە ماوەی یەک مانگدا بۆ دووهەمین جارە کە هێرش دەکرێتە سەر کەشتییە نەوتکێشەکان و پێشتریش لە کردەوەیەکی خراپکارانەی لەو چەشنەدا، هێرشکرایە سەر دوو کەشتی عەڕەبستان و ئیمارات کە یەکیان سەر بە کۆمپانیانیەکی نۆروێژی بوو و ئەو کاتیش لە یەکەمین کاردانەوەدا کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرا و ڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەش لەو کردەوەیە کە دراوە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەگەڵ ئەوەی کە وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون، بەڵام باس لەوە دەکا کە دەستی دەوڵەتێکی تێدایە. بێگومان بێجگە لە ئێران هیچ دەوڵەتێکی دیکە لەو بارەوە تۆمەتبار نەکراوە و بەپێی قسەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە پێشتر هەڕەشەیان لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانیی کردووە، ئەو کردەوە تێکدەرانە دەبێ هەر کاری ئەوان بێ و بەپێی ڕابردووی چل ساڵەی ئەو ڕیژیمە لە کاری تێرۆر و تێکدان و تەقینەوەدا گومانێک نامێنێتەوە کە ئەو ڕێژیمە دەستی لەو کردەوانەدا هەیە.