کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەرۆکی پەیەدە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان: پرسی کورد لە سووریە بووەتە ئەمری واقع

21:45 - 25 جۆزەردان 2719

لە کۆبوونەوەی شاندێکی پایەبەرزی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی سووریە (پەیەدە) و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا پرسی سیاسی و نەتەوەیی و دواگۆڕانکارییەکان لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کران. ڕۆژی شەممە، 25ی جۆزەردان (15ی ژوئەنی 2019) شاندێکی پایەبەرزی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی سووریە (پەیەدە) بە سەرۆکایەتیی شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە و هاوڕێیەتیی سکرتێر و جێگر سکرتێری چەند حیزبێکی کوردیی ڕۆژاوای کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا سەرەتا شاندی میوان باسێکی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ئەو دەسکەوتە سیاسی و مێژووییانە کرد کە لەو بەشەی کوردستان لەسەر دەستی هێزە سیاسییەکان و قارەمانەتیی هێزی شەرڤان دەستەبەر بووە. بەڕێز شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە لە لێکدانەوەکەیدا تیشكی خستە سەر ئەوە کە سەرکەوتن بەسەر هێزی تێرۆریستیی داعش لەسەر دەستی کورد و قارەمانەتی و قوربانیدانی کورد دەسکەوتێکی مێژووییە بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کە ڕەوتی سیاسیی کوردی لەو بەشەی کوردستان بردووەتە پێشێ و؛ کورد بەرەو ئەوە دەڕوا کە مافەکانی لە قانوونی بنەڕەتیی نوێی سووریەدا دانی پێدا بنرێ. لەو دیدارەدا بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی ڕێز و بایەخەوە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەڕوانێ. هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایە لەگەڵ ئەوەی سروشتی پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەدا پێویستە دەسکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکان لە هەر بەشێکی کوردستان بپارێزرێن. هاوکات جێگیرکردنی ئەم دەسکەوتانە و هەوڵدان بۆ دەسکەوتی زیاتر، پێویستیی بە یەکیەتیی سیاسی لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان و هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە. شایانی باسە کە سەرکردایەتیی ئەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی ڕۆژاوای کوردستان هاوڕێیەتیی بەڕێز شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی "پەیەدە" بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان کرد بوو: جەماڵ شێخ باقی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی سووریە؛ محەممەد مووسا، سەرۆکی پارتی چەپی کورد؛ مستەفا مەشایخ، جێگری سەرۆکی پارتی یەکیەتیی کورد؛ جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان؛ هوشەنگ دەروێش، نوێنەری پارتی دێموکراتی کورد، سلێمان عەڕەب، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان و فەتحوڵڵا حوسێنی، پارتی چەپی کوردی سووریە لە هەرێمی کوردستان.