کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی: ناتوانین یەکلایەنە لە بەرجامدا بمێنینەوە

18:45 - 26 جۆزەردان 2719

حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ناتوانن یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا بمێنینەوە. دوای ئەوەی کە ئەمریکا یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە، ئەو ڕێککەوتنە پەکی کەوت و ماوەی یەک ساڵە کە وڵاتانی ئورووپایی کە لە بەرجامدا ماونەوە، دەیانهەوێ ڕێکارێک بۆ زیندوو هێشتنەوەی ئەو ڕیککەوتنە بدۆزنەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران هەر ئەمڕۆ بە سبەی پێدەکرێ و تا ئەمڕۆش بە کردەیی هیچ کاری پێنەکراوە. ئوورووپاییەکان دەیانهەوێ لە ڕێگەی ڕێکارێکەوە کە خۆیان لە سەری ساغ بوونەوە، بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران بەجێی پارە، کەلوپەل و دەرمان و خۆراک ڕەوانەی ئێران بکەن، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. دوای ئەوەی کە ساڵێک بەسەر ئەو بەڵێنەی ئورووپاییەکاندا تێپەڕی کە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دابوو و هیچی لێ شێن نەبۆوە، ماوەیەک لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی دوو مانگی بۆ ئورووپاییەکان دیاریکرد کە ئەگەر پابەند نەبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە، ئەوە ئێرانیش لە ڕێککەوتنەکە دێتە دەرەوە. هەر ئەو کات ئورووپاییەکان ئەو هەڕەشەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەرپەرچ دایەوە و لە وڵامدانەوە بە ئێران، ڕایانگەیاند کە پێشێلکردنی هەر بەندێکی ڕێککەوتنەکە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی هەموو ڕێککەوتنەکە و هەموو گەمارۆکانی ئورووپا بۆ سەر ئێران دەست پێدەکەنەوە. لەم دوو ڕۆژەی دوایی دا، لە دوو لێدواندا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکیتر هەڕەشەی هاتنەدەریان لە ڕێککەوتنەکە کردووە. حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەرانی چین و ڕووسیەدا، ڕایگەیاند کە ئەوان ناتوانن یەکلایەنە لە ڕێککەوتنەکەدا بمێننەوە و هەر لە هەمان کاتدا عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەو مۆڵەتەی بۆ ئورووپاییەکان دیاریمان کردووە و ماوەکەی ٦٠ ڕۆژە، تازە ناکرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو مۆڵەتەی کۆماری ئیسلامی ماوەی کەمتر لە مانگێکی ماوە. ئورووپاییەکان بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێرانە و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەک و لە لایەکی تر بەهۆی پێوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتوە و تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارە نییە کە بۆ ئاڵووێری کەلوپەل بڕیاری لەسەر دراوە.