کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاکس نیوز: هێزێکی چەکداری کۆماری ئیسلامی مەلەوانانی کەشتییەکەیان ڕفاندووە

18:51 - 26 جۆزەردان 2719

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە دەریای عومان بەهۆی تەقینەوەیەک دوو کەشتی ئاگریان گرت بەڵام مەلەوانەکانیان بە سڵامەت دەرباز بوون. بەهۆی دانانەوەی بۆمب بۆ کەشتییە نەوتکێشەکان لە دەریای عوماندا، دوو کەشتی ئاگریان گرت و لە یەکەمین کاردانەوەدا ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەو کردەوەیە تۆمەتبار کرد. دواتریش فەرماندەیی هیزی سەربازیی ئەمریکا کورتە ڤیدیۆیەکی لە بەلەمێکی ئێرانی پێشاندا کە خەریکی هەڵگرتنەوەی بۆمبێکن لە ژێر یەکێک لە کەشتییەکاندا کە نەتەقیوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی فاکس نیوز، لە کاتی تەقینەوەکەدا کەشتییەکی دیکە هەر ٢٣ مەلەوانەکەی نەجات داوە، بەڵام بەلەمێکی ئێرانی هێزێکی سپای پاسداران بە چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر کەشتییەکە و بە زۆر مەلەوانەکانیان لێ ستاندوون و خۆیان بە بەلەم گواستوویاننەوە بۆ ناو خاکی ئێران. هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، مەلەوانەکان ١١ کەسیان ڕووسی، یازدەیان فیلیپینی و یەکیان گورجستانی بووە. ئەو مەلەوانانە دوای دوو ڕۆژ لە ئێرانەوە ڕەوانەی "دوبەی" کراون، بەڵام هیچکام لە مەلەوانەکان هیچ لێدوانێکیان و بۆ ڕاگەیاندنەکان نەداوە. لەگەڵ ئەوەی کە لێدوان و شاهیدی ئەو مەلەوانانە لەسەر رووداوەکە زۆر گرینگە، بەڵام لە یەکەمین کاردانەوەدا ئەمریکا و عەڕەبستان کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەو کردەوەیە تۆمەتبار کرد و دواتر دەوڵەتی بریتانیاش لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پشتڕاست کردەوە. لەگەڵ ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هۆکاری دابەزاندنی مەلەوانەکان و گواستنەوەیان بۆ ئێران ڕوون نییە.