کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

22:09 - 27 جۆزەردان 2719

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە بە سەرپەرستی ڕێزدار سولێمان عەبدولمەجید سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای ئەو دانیشتنەدا بەرێز مستەفا مەولوودی وێڕای بەخێرهاتن کردن، وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانی خۆی لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان و جێخستنی ئازادی و دێموکراسی دەربڕی. دوای قسەکانی بەڕێز مستەفا مەولوودی ، ڕێزدار سولێمان عەبدولمەجید سکرتێری حیزبی یەکیەتیی کوردستانی سووریە و سەرپەرستی شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، بەڕێزەوە باسی لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات کرد و بە حیزبێکی خاوەن پێگەو جێگەی سیاسی لە قەڵەمدا. بەڕێزیان بە باس کردن لە ڕەوشی سیاسی ئێستاکەی سووریە، کۆمەلێک تێبینی خستەڕوو. پاشان بەریز مستەفا مەولوودی لە درێژی قسەکانی‌دا پرسی کوردی لە سووریە بە تایبەتی پاش بەهاری عەڕەبی و سەرهەڵدانی داعش ، بەرەنگاری و خەباتی چەکداری و سیاسی ئەو بەشەی کوردستانی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە سەرەڕای سیناریو ناڕوونەکان، ئەوەی کە حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە ئێستاکە کورد لە داڕشتی داهاتووی سیاسی لە سووریە فاکتۆرێکی بەهێزە و پێویستە دەورو ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێ. بەڕێزییان بە گرینگیدان بە نیگەرانییەکان لە دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و هەرجۆرە دەستێوەردانی لایەنەکانی دیکەی بە زیان بزووتنەوەی کورد لە قەڵەمدا و خوازیاری ئەوە بوو کە لایەنە سیاسییەکانی کوردی رۆژئاوا لەو دەرفەتەکە کە بەدەست هاتووە هەوڵبدەن بۆ بەدەست هێنانی کیانی سیاسی بەدوور لە هەرچەشنە مەزنیخوازی و تاکڕەوی. لە درێژی ئەو دانیشتنەدا هەردوو هەیئەت بە وردی پرس و باسەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان شیکردەوە.