کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی سەنا و مەجلیسی ئەمریکا خوازیاری وەڵامی خێرای سەربازیی ئەمریکان بە ئێران

22:16 - 27 جۆزەردان 2719

لە درێژەی کاردانەوەکان بە هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکان لە دەریای عومان کە ئەمریکا و بریتانیا کۆماری ئیسلامیان بەو کردەوەیە تۆمەتبار کرد، چەند سەناتۆر و ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، خوازیاری وەڵامی خێرای سەربازیی ئەمریکان بە کۆماری ئسلامیی ئێران. لە حەوتووی ڕابردوودا بۆ جاری دووهەم هێرش کرایە سەر کەشتییە نەوتکێشەکان و ئەو کردەوە خراپکارانەیەش کاردانەوەی جیاجیای بە دوای خۆیدا هێنا. لە یەکەمین کاردانەوەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تۆمەتبار کرد و دواتر وەزیری دەرەوەی بریتانیاش قسەکانی پۆمپێئۆی پەسەند کرد و دوای ئەویش دوو دەوڵەتی ئیسڕائیل و عەڕەبستان ئێرانیان بە بەرپرسی ئەو تەقینەوانە ناوبرد. لە درێژەی کاردانەوەکاندا، چەند سەناتۆر و ئەندامی مەجلیسی نوێنەران خوازیاری وڵامی توندی ئەمریکا بوون بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە مێدیاکاندا ڕایانگەیاند کە پێویستە ئەمریکا ناوەندە سەربازی و پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران بۆمباران بکا. سناتۆر " تام کاتن" ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە خێراترین وەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی لێدانی زەربەیەکی قوڕسە لە ئاسمان و لە دەریاوە لە هێزەکانی ئەو ڕیژیمە بۆ ئەوەی هێز و تووڕەیی ئەمریکا پێشانی ئێران بدرێ. ڕۆژێک پێشتریش سەناتۆر " لیندزی گراهام" لە تویتێکی تونددا عەلی خامنەیی بە تاوانباری ئەسڵی هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکان ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئێران بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیهەوێ ئاڵۆزی ساز بکات، بەڵام ئەمریکا دەبێ ئامادە بێ کە وەڵامێکی توند بە کۆماری ئیسلامی بداتەوە. ناوبراو ڕوو بە تڕامپ گوتی "جەنابی سەرۆک کۆمار، لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا بەهێز بە". "ئادام کینزینگر" ئەندامی مەجلیسی نوێنەران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاکس نیوز، ڕایگەیاند کە لە دوای دووەمین هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییەکان، خوازیاری هێرشی توندی ئەمریکا بووم بۆ سەر ئێران و تا ئێستا سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە هەڵە پێشی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گرتوە. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی، دۆخی ناوچەکەی تێکداوە و بۆتە هۆی ئەوەی کە لە هەر کردەوەیەکی تێکدەرانەدا ناوی ئێران و کۆماری ئیسلامی لە ڕیزبەندی یەکەمی تاوانباران دابێ و بێ گوێدانە چارەنووسی ئێران و گەلانی ئێران بۆتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکە و جیهاندا و ناوچەکە لەوە زیاتر ملهوڕیی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە قبووڵ ناکات.