کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ئێران و ئەمریکا لە سەر بەرجام

18:38 - 28 جۆزەردان 2719

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکا کە هێدی هێدی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام دێتەدەرەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێدەکاتەوە. دوای ڕیککەوتننامەی بەرجام، کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان و سازکردن و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، بوو بە هۆی نیگەرانی دەوڵەتان و سەرەنجام دەوڵەتی ئەمریکا یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە. بۆ پێشگرتن لە دەستوێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و دەستهەڵگرتنی ئەو ڕێژیمە لە شەڕ و تێرۆر و ئاژاوە و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان، دوازدە خاڵی بۆ ڕێککەوتنێکی تازە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێشنیار کرد. کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا نەک هەر ئامادەی قبووڵکردنی ئەو شەرتانەی ئەمریکا نەبووە بەڵکوو هەر چەشنە وتووێژێکی لە گەڵ ئەمریکا ڕەتکردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە چەند دەوڵەت و لایەنێک بۆ پێشگیری لەشەڕ هەوڵی نێوبژیوانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەیان داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشە و ئاژاوەنانەوە دەیهەوێ هێژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێ. نزیک بە دوو مانگ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی وەک ئۆلتۆماتیۆم ماوەی ٦٠ ڕۆژی دیاریکرد کە ئەگەر بەندەکانی بەرجام جێبەجێ نەکرێن، لەڕێککەوتنەکە دێتە دەرەوە، بەڵام هەر لە یەکەمین کاردانەوەدا ئورووپاییەکان بەپەرچی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییان دایەوە و ڕایانگەیاند کە پێشێلکردنی هەر کام لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان بۆ سەر ئێران. لەمڕۆژانەدا بۆ جارێکی تر کاربەدەستانی ڕێژیم هەڕەشەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن و و دەڵێن کە بە هیچ شیوەیەک مۆڵەتی دوو مانگەی ئێران بۆ ئورووپاییەکان نوێ ناکڕێتەوە. لە وەڵامی هەڕەشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییدا، کاربەدەستانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند کە ئێران دەیهەوێ بەو هەڕەشانە باج لە دەوڵەتان وەربگرێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ تەسلیمی ئەو هەڕەشانەی ئێران بێ. هەر لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییدا، سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە بە ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تێرۆریستی و چەکداری، وەک هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکان، لە ڕێگەی هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی هێرشی کردۆتە سەر باڵوێزخانە و بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و هێرش بۆ سەر عەڕەبستان لە ڕێگەی حووسیەکانی یەمەنەوە، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ئەگەر ئێران ملکەچی داواکانی ئەمریکا نەبێ، وێدەچێ دۆخی ناوچەکە بەرەو خرابتر و بە ئاقاری شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکادا هەنگاو بنێ.