کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستێنی ئێران هەڕەشەی لە "نزار زکا"ی کردوە

21:10 - 28 جۆزەردان 2719

دادستێنی ئێران لەسەر لێدوانەکانی "نزار زکا" لە سەر بەندیخانەکانی ئێران، رایگەیاند کە ئەگەر واز نەهێنێ ، پەروەندەکەی ئاشکرا دەکەین. "نزار زکا" هاونیشتمانی لوبنانی ئەمریکایی، ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە سەر دەعوەتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی تارانی کرد، دوای سێ ڕۆژ مانەوە، لە فڕۆکەخانە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. داداگای ئێران دوای یەک ساڵ دەسبەسەری، بە تاوانی جاسووسی بۆ ئەمریکا، نزار زکای بە ١٠ ساڵ زیندان و چوار میلیۆن و دووسەد هەزار دۆلار حوکم دا. نزار زکای دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە سێ ساڵ لە حوکمەکەی، لەسەر داوای دەوڵەتی لوبنان ئازاد کرا. نزار زکای دوای ئازاد بوونی لە بەندیخانەی ئەوین ڕایگەیاند کە حەز ناکا بەسەر ئاسمانی ئێرانیشدا تێپەڕی. ناوبراو دواتر لە چاوپێکەوتن لەگەڵ مێدیاکان، باسی لە شیوەی ئەشکەنجە و ترس و تۆقاندنی لە زیندانەکانی ئێران کرد و زیندانی "ئەوین"ی بە ترسناکترین زیندانی جیهان ناوبرد. دوای قسەکانی نزار، دادستێنی ئێران لە لێدوانێکدا وێڕای هەڕەشە لە ناوبراو، ڕایگەیاند کە نزار دەبوو سپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکا نەک دژی کۆماری ئیسلامی قسە بکات. زیندانەکانی ئێران دەمێکە بوونەتە قەتڵگەی زیندانیان و ئەگەر زیندانییەکان لەو زیندانە ڕزگاریشیان بێ، ئەوە لە باری ڕوحی و ڕەوانییەوە ساڵانێکی دوورودرێژ و ڕەنگە بۆ هەتا هەتەیەش نەتوانن وەک ئینسانێکی ئاسایی بژین. زۆرن ئەو کەسانەی کە وەک نزار زکای باس لە ئەشکەنجە و ئازارەکانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و پەردە لەسەر ئەو جینایەتانە هەڵدەدەنەوە کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە چاوی خۆیان دیتوویانە و لەگەڵی بەرەوڕوو بوون. شایانی باسە کە ساڵانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەشکەنجە و ئازار و لە سێدارەدانی زیندانیان، لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانەوە مەحکووم دەکرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا نەک هەر هیچ ئاڵووگؤڕێکی لە شێوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی لەگەڵ زیندانییەکان پێکنەهێناوە، بەڵکوو ڕۆژبەڕژ زاڵمانەتر جووڵاوەتەوە و بە بەرچاوی دنیاوە ساڵانە کەسانی بێتاوان و ئازادیخوازان لە سێدارەدەدا و هیچ ڕێزێک لە مافی مرۆڤ ناگرێ.