کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ئاستی هاوردەی بەرهەمی قاچاخ بۆ ئێران

21:14 - 28 جۆزەردان 2719

کاریگەریی ڕاستەوخۆی گەمارۆکان لەسەر کۆماری ئیسلامی وایکردووە کە پێوەندیی ئابووری و بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دنیا زۆر کەمڕەنگتر ببێتەوە و هەناردەکردن و هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ئێران بەشێوەیەکی جیددی کەم ببنەوە. زۆربەی داهاتەکانی ئێران لە ڕێگای هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانەوە جێبەجێ دەبوو کە بەدوای گەمارۆکاندا داهاتی نەوتی کۆماری ئیسلامی دابەزی. هەروەها لەگەڵ دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی بەرهەمهێنان و درووستکردنی کەلوپەل و ئامێرە ئێرانییەکان کەم بوونەوە و بازاڕی نێوخۆی ئێران تووشی هەڵاوسان بوو. هەر ئەوە بووەتە هۆی هێنانی کەلوپەل و کەرەستەی وڵاتانی دیکە بەشێوەی قاچاخ بۆ نێو ئێران. ساڵانە ٢٥ میلیارد دولار دراو و کەرەستەی قاچاخ دەهاتە نێو ئێرانەوە کە ڕادەی ئەو ئامارە لە ساڵی ٩٦ی هەتاویدا بە ١٢و نیو میلیارد دۆلار گەیشتووە. بەرپرسی بەرگری لە قاچاخی پارە و کەرەستەکانی ئێران "عەلی موعەییەدی" ڕۆژی دووشەممە میزانی قاچاخی کاڵای خارجی بۆ نێو ئێرانی ١٢.٥میلیارد دۆلار ڕایگەیاند. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی بەرگری لە قاچاخ لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە تا ئێستا ڕادەی قاچاخ لە ئێران کەم بووەتەوە. لەگەڵ گەمارۆدانی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، قاچاخی نەوت و گازۆییل و بەنزین لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر زیاتر بووەتەوە بەڵام هاوردەی قاچاخی کاڵا بۆ نێو ئێران زۆر کەمتر بووەتەوە. قاچاخی کەلوپەلی نێو ماڵ، بەرهەمهێنەرەکانی نێوخۆی ئێران تووشی بێکاری و بێ دەرەتانی دەکات و کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ دادەنێت. جێگای ئاماژەیە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر سنوورەکانی ئێران خەریکی هاوکاری لەگەڵ قاچاخچیانی باندە گەورەکانی ئێران دایە و بە ڕێگە پێدان بەو باندە قاچاخچیانە و پشتیوانیکردن لێیان ڕۆژبەڕۆژ دۆخی ئابووریی بازاڕ خراپتر دەکات. نرخی دۆلار کە لە ١٤ هەزار تمەن تێپەڕی ئیدی بەرهەمهێنەرانی ئێرانی دەرەتانی ئەوەیان نەبوو کە درێژە بە کارەکەیان بدەن و زۆربەی بنکە و کارگە پیشەسازییەکان داخراون.