کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لە ژێر ناوی" کوردەکانی خوراسان لە گوتار و ڕوانگەی نەتەوەییماندا" لە قەڵای دێموکرات

22:42 - 29 جۆزەردان 2719

پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی زیاتر باسکردن لە کوردەکانی خوراسان سمینارێکی تایبەت بەو بابەتەی لە یەکێک لە سالۆنەکانی حیزب پێک‌هێنا. ئەوە سمینارە کە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرەتا سامان فەقێ‌نەبی بەڕێوەبەری سمینارەکە ئاماژەیەکی کورتی بە قوناخەکانی ڕاگواستنی کورد بە تایبەتی لە سەردەمی شاسمایل و شاعەبباس سەفەوی کرد. لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارە یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەڵكی دەڤەری خوراسان بە ناوی ژیهات خوراسانی باسێکی لە ژێرناوی "ئاورێکی مێژووی لە خوراسان" پێشکەش کرد. ناوبراو لە درێژەی باسەکەی‌دا کۆمەڵێک خاڵی گرینگی بە نیسبەت پرسی نەتەوەیی لە خوراسان و هەروەها مەترسییەکانی سەر بزاڤی نەتەوەیی لە خوراسان کە پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وردی سەرنجی بدەن پێشکەش کرد. لە بەشی دوویەم ئەو سمینارەدا بەرێز دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی گرینگی لە ژێرناوی "ڕێگاچارەی حقووقی و نیهادییەکان بۆ مافی ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان" پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و بە ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە ئاماژەی بە چەند نموونەی هاوشێوەی لە نێو نەتەوەکانی دیکە‌دا . لە سێیەمین بەشی ئەو سمینارە " سمایل شەڕەفی ئەندامی کۆمیتە ناوەەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان " لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی ئاڵقەی پێوەندی لە نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خوراسان بۆ بەشداران قسەی کرد. لە کۆتایی‌دا ئامادەبووان پرسیار و تێبینی خۆیانیان لەو بارەوە خستەڕوو.