کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"فارن پالیسی" بژاردەی سەربازیی دژی ئێران لەبەر دەستی تڕامپ دایە

22:52 - 29 جۆزەردان 2719

ڕۆژنامەی سیاسی و ئابووریی "فارن پالیسی" چاپی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی جۆزەردان لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندنی بڕیاری ڕەوانەکردنی ٦٠٠٠ سەربازی دیکەیە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ڕۆژنامەی " فارن پالیسی" لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە دوای هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکان لە دەریای عومان، ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵە بڕیار و بژاردەیەکە بە تایبەت بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. شایانی باسە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندنی هەموو بژاردەکانە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی. دوای قسەکانی ناوبرا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە پابەندی بەشێک لە ڕێککەوتننامەی بەرجام نابێت و بێگومان ئەو بڕیارەش ئێران زیاتر تەریک دەخاتەوە. لە لایەکی دیکەوە لە پێنتاگۆن باس لە ڕەوانەکردنی ٦٠٠٠ سەربازیی دیکەی ئەمریکایی دەکرێ بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکا خەریکی دەرکردنی بڕیارێکە لەوبارەوە و لەگەڵ ئەوەی کە باس لە ٦٠٠٠ سەرباز دەکرێ، باسی کۆمەڵێک کەشتی و فڕۆکەی شەڕکەر و چەک و چۆڵی وەک مووشەکی پاتریۆت دەکرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و تێرۆریستی خۆی، وەک هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی عەڕەبستان و ئیمارات، هێرش بۆ سەر پاڵاوگەی نەوتی عەڕەبستان، هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای عومان، تەقە کردن لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆتە هۆی پەرەپێدانی گرژییەکان و دوور نییە کە ئێران تووشی شەڕێکی دیکە بکا. پێشتریش کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، پەرەپێدانی تێرۆریزم و پێکهێنانی گرووپی تێرۆریستی و دروستکردن و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، بوو بەهۆی نیگەرانی دەوڵەتان و سەرەنجام ئەمریکا یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتەدەرەوە و دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکرد و ئاکامی هەر شەر و وێرانکاریەکیش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ڕیژیمە خوێنڕێژ و تیرۆریستەی کە ماوەی چل ساڵە گەلانی ئێران بەدەستیەوە دەناڵێنن.