کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی لە شارەکانی بەغدا و موسڵ و بەسرە

22:53 - 29 جۆزەردان 2719

دوێنی و ئەمڕۆ لە سێ شاری گەورەی عێراق چەند هێرشی مووشەکی کرایە سەر دوو ناوەندی سەربازیی ئەمریکا و کۆمپانیای نەوتی "ئەکسان موبیل. ماوەیەک بەر لە ئێستا هێرشیکی مووشەکی کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دواتر ئەمریکا بڕیاریدا کە ئەو کارمەندانەی سەفارەت کە کاری زۆر پێویست و زەرووریان نییە، بگەڕێنێتەوە ئەمریکا. لەم دوو ڕۆژەشدا لە چەند شوێنێک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکیی. لە بەغدا دوو بنکەی سەربازیی و لە شاری مووسڵ بنکەی فەرماندەهیی هێزەکانی ئەمریکا کە لە کۆشکەکانی سەددام حوسێندا جێگیر کراون، کەوتنە بەر هێرش. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دامەزراوەیەکی نەوت لە شاری بەسرە کە سێ کۆمپانیای "ئەکسان موبیل، شێل و ئەینی" لەو ناوچەیە کار دەکەن، کەوتنە بەر هێرشی مووشەکی و چەند کەسێک بریندار بوون. ماوەیەک لەمەوبەر بەهۆی هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی ٢٠ کارمەندی ئەو ئەو کۆمپانیایانە ڕاگوازران بۆ وڵاتێکی تر. شایانی باسە کە هێرش و کردەوەی تێرۆریستی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندن دایە و هەموو جارێکیش پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ دەکرێ.