کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار تەوەری سەرەکیی سازانی ئێران و ئەمریکا

18:45 - 30 جۆزەردان 2719

ئەمریکا دەڵێ هەموو هەوڵی ئەوەیە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بارگران بکا و تێچووی زێدەخوازییەکانی ئێران لە ناوچە بباتە سەرێ. برایان هوک، نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێ لە چوار تەوەردا کۆماری ئیسلامی دەبێ دڵنیامان بکاتەوە و پێملی ویستەکانی ئێمە بێ، ئەو چوار تەوەرەش بریتین لە بەرنامەی ناوکی، بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەکی، پشتیوانیی لوجستیک و پاڵپشتیی ماددی لە تێرۆریزم و گرتنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی ئەمریکی. ئەو دەڵێ سیاسەتی تڕامپ ئەوەیە ئەو کێشانە لەسەر مێزی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ببرێتەوە. برایان هوک لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی کۆنگرەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، 29ی جۆزەردان بوویان، باسی لەوە کرد کە کێشەی ئەتومیی ئێران گەورەترین هەڕەشە و مەترسیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کۆمەڵگەی جیهانە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە چاوپۆشی لە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا بکەین.