کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ئەگەری هەڵایسانی شەڕ لە کەنداوی فارس زۆرە

18:49 - 30 جۆزەردان 2719

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان دەڵێ مەترسیی شەڕ لە کەنداوی فارس شتێکی چاوەڕوان‌کراوە. هایکو ماس لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژان لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تا دێ زیاتر قووڵ دەبێتەوە و هەوڵی ئورووپا ئەوەیە چەندی بکرێ پێش بە تێکهەڵچوونەکان بگرێ. لەم دیدارەدا ژان لۆدریان ڕایگەیاند پاشەکشەی ئێران لە بەرجام و بەڵێنی و دەروەستییەکانی نیگەرانیی بۆ ئێمەش دروست کردوە و ئێمە پێمان وایە بڕیاری ئێران بۆ پێداچوونەوە بە بەرجام لە زیانی ئەم وڵاتە دەشکێتەوە. هاوکات یۆرگن هارت، وتەبێژی کاروباری دەرەوەی فڕاکسیۆنی حیزبە مەسیحییەکان لە پاڕلمانی ئاڵمان، کە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە دەوڵەتی هاوپەیمانیی ئەم وڵاتە پێکهاتووە؛ ڕایگەیاندوە "بێتوو ئێران ڕێککەوتنی ئەتومی پێشێل بکا، ئاڵمان لەسەریەتی سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر ئێراندا بگۆڕێ." کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ بێتوو یەکیەتیی ئورووپا ڕێگاچارەیەک بۆ ڕاگرتنی گوشارەکانی ئەمریکا لەدژی نەدۆزێتەوە، ئێران لە بەشێک لە دەروەستی و بەڵێنەکانی لە بەرجام دەکشێتەوە.