کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی دامەزرانی کوردکاناڵ کرایەوە

19:41 - 15 گەلاوێژ 2719

ڕۆژی سێ‌شەممە ١٥ی گەلاوێژ لە کۆڕێکی خنجیلانە‌ و پێشمەرگانەدا 12هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کوردکاناڵ، تەلەویزیۆنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرزڕاگیرا. لەو کۆڕەدا کە بە بەشداریی چەند کەس لە ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەشێک لە پێڕسۆنێلی ڕاگەیاندنی حیزب و پۆلێک لە پێشمەرگەکانی دیکە بەڕێوەچوو، سەرەتا کاک کەماڵ کەریمی بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێزیان وێڕای یادکردنەوە لە سەرجەم تێکۆشەرانی بەشی ڕاگەیاندن، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە دامەزراندنی تەلەویزیۆنی کوردکاناڵ وەکوو دەنگ وڕەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماندوو بوون و ئەرکیان لە ئەستۆ گرتووە، هیممەتی چیایی هەموو ئەوکەسانەی کە لە دەسپێکەوە تا ئێستا لە کوردکاناڵ تێکۆشانیان هەبووە بەرز نرخاند. پاش قسەکانی کاک کەماڵ کەریمی، کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە کورتی لەسەر جێگەوپێگەی کوردکاناڵ لە نێو بیر وڕای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات قسەی کرد و سپاسی سەرجەم کادرو پێشمەرگەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کرد بۆ لە سەرپێ‌ڕاگرتنی تەلەویزیۆنی کوردکاناڵ. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە تەلەویزیۆنی کوردکاناڵ لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاویی بە خەمخۆری و پاڵپشتیی تێکۆشەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی‌دا کرایەوەو لەماوەی 12 ساڵی چالاکی ئەو کاناڵە ئاسمانییە‌دا هەوڵی داوە لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی ڕووبە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش بەرنامەی هەبێ و ئێستاش هەر بەردەوامە.