کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی و فێدرالیزم

19:40 - 16 گەلاوێژ 2719

فێدرالیزم شێوەیەک لە جۆرەکانی حکوومەتدارییە، نەک نێوەرۆک و نێوئاخنی ئەو، کەوابوو بەرلە هەموو تشتێک ئەم خاڵە لەبەرچاو بگرین کە تەنیا گۆڕانی ڕواڵەتیی جۆری حکوومەت زامنی هەوێتی و ئاڕمانجەکانی باسکراو نییە، لە لایەکی تر ئێمە لە ئێران ئەزموونی ئەوەمان هەیە جارێک بە ویستی گشتی کە لە ئاکامیدا شۆڕشێک کرا شێوەی حکوومەتی گۆڕی و لە پاشایەتی بۆ "کۆماری ئیسلامی" هەڵگەڕاوە؛ هەر بۆیە نێوەرۆکی حکوومەتە کە دەتوانێ لەونی مرۆیی پێ بدا. ئەوەی جێگای باوەڕ و پەسنی هەمووانە نێوئاخن و هەناوی دێموکراتیک بوونیەتی، بەڵام پێش ئەمە؛ ئەو نیزامە کە ئادگارێکی دێموکراتیکی هەیە و ئێمە لەسەری کۆکین، هەڵقوڵاوی پەیمان و گرێبەستێکی هاوبەش کە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەک بێ و دەنگی گشتیی خەڵکی لەسەر بێ و بە تێپەڕینی زەمەن بکرێ ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێ هەتا بتوانێ مافی شارۆمەندیی تێدا دەستەبەر بکرێ؛ ئەو پەیمانە هاوبەشە بە "یاسای بنەڕەتی" دێتە ناسین، تەنیا ژیان لەو کەشە دایە کە دەکرێ بە ژیانێکی سیاسیی ئازادانە و دێموکراتیک ناو بەرین. هەروەها وێدەچی لەسەر ئەم مژارە کۆک و هاوڕا بین کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و زاف ئۆل و ئایینییە، کە ئەمەش جۆرێک فێدرالیزمە کە بۆ نێوەرۆکی ئەم خاڵەی باسی دەکەین گەلێک شیاوە. وەداخەوە ڕوانینی گشتی نەک هەر لە نێو شەبەنگی خەڵک تەنانەت لە نێو بەشێکی زۆری چالاکانی سیاسی و قەڵەمبەدەستانیش لە دێموکراسی "دێموکراسی زۆرینە"یە. دەمێکە ئەو شێوە دێموکراسییە بەو ڕوانینە کاڵ بووەتەوە و، دێموکراسی تەنانەت بەو پێناسەیەش کاتێک دێموکراسییە کە زامن و پارێزەری "کەمینە"کان بێ، هەروەها بە درێژایی مێژوو چەمکی دێموکراسی گەلێک جۆری تاقی کردووەتەوە و زۆر شێوازی تریشی بۆ دانراوە و پێناسەی بۆ کراوە. دوو شێوازی هەرکام لە نیزامە دێموکراتیکەکان دەبێ وڵامدەری سێ پرسیاری سەرەکی بن: کێ(چ کەسێک) دەستەڵاتی دەبێ؟ نیزامی دەستەڵاتدار دەبێ گوێڕایەڵی کام یەک لە چینەکانی کۆمەڵگە بێ؟ حاکمان دەبێ پارێزەری قازانج و بەرژەوەندییەکانی کام یەک لە گرووپەکان بێ؟ دو جۆر وەڵام هەیە: یەکەم کەسانێکن کە کاکڵی دێموکراسی هەر بە دێموکراسی زۆرینە دەناسێ و پێداگری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی زۆرینە دەکا، ئەم توێژە لە بەرسڤی پرسیاری یەکەمدا، مافی دەستەڵات تەنیا بۆ ئەوانە بە ڕەوا دەزانێ کە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکان هێنابێتەوە. لە وڵامی پرسیاری دووهەمیشدا ڕەوتی زۆرینە لەسەر ئەو باوەڕەن کە حاکمان و دەستەڵاتداران بۆ قازانج و ویستی ئەوانە هەنگاو هەڵێنن کە زۆرینەن. لە وڵامی دوامین پرسیاریشدا وایان باوەڕە کە سیستمی حاکم دەبێ تەنیا بەرگری لە داخوازی و بەرژەوەندیی ئەو لایەنە بکا کە دەنگی پێداوە بۆ سەرکەوتن. لەو مۆدێلەدا وڵام دانەوە بەو پرسیارانە، ئەوانەی کە زۆرینەی دەنگەکانیان نەهێناوەتەوە واتە "کەمینەکان" هەتا هەڵبژاردنەکی تر دەبێ ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕن و، چاودێریی کار و کردەوەی زۆرینە دەکا. ئەم تێفکرینە، هاسانترین و باوترین ڕوانین بۆ دێموکراسییە کە لە وێژەی سیاسی وەک مۆدێلی زۆرینە دەناسرێ. دووهەمین شێوەی وڵامدانەوە تەکزکرن بە پێکهاتن (سازان)ـە. لەو شێوازەدا بەرسڤدانەوە بە پرسیارەکانی سەرەوە، جیاوازییەکی زۆری دەگەڵ مۆدێلی یەکەمدا هەیە، لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا لەسەر ئەم خاڵە پێدادەگرێ کە دێموکراسی ناتوانێ تەنیا لە ئاستی زۆرینە و کەمینە دابێ، ڕاستە وەدەست هێنانی ئاکامی زۆرینە لە هەڵبژاردندا گرینگە، بەڵام بەو مانایە نییە کە کەمینە دەبێ وەلا بنرێ و ببێتە دژبەر، کەوابوو لەم حاڵەتەدا دەبێ بەدوای پشکی کەمینە لە هەموو بڕیاردان و دەستەڵاتێکدا بگەڕێین، بۆ وڵامی پرسیاری دووهەمیش هەنگاوێک پێش دەکەوین و گرینگی دان بە ویست و داخوازییەکانی کەمینە و زۆرینە لە یەک زەمەندا، وەک ستراتێژیی کرداری دێموکراسی دابنێین، لە ئاستی سێهەمیش ئەو مۆدێلە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەو بڕیارانەی دەدرێن دەبێ دە جۆگەی قازانج و بەرژەوەندیی بەشی هەرە زۆری خەڵک دابێ نەک تەنیا بۆ ئەو کەسانەی دەنگیان داوە بۆ سەرکەوتنی لایەنێک بۆ گێشتن بە دەستەڵات، ئەو شێوە لە دێموکراسییە بە دێموکراسیی پێکهاتن (سازان) ناو دەبەن. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو مۆدێلانە لە هەڵبژاردنی گشتی کەلک وەردەگیرێ؛ جا هەر لە هەڵبژاردنیش دایە دەردەکەوێ کام یەک لەو کۆمەڵانە چەند لە سەد دەنگیان وەدەست هێناوە و خەڵک زیاتر متمانەیان بە کامە داوە. تەوفیری ئەم دووانە لەوە دایە کە ئەوەی تیپی یەکەم بە دەرچوونی وەک براوە بە زۆرینەی زۆر پڕۆسەی دێموکراسی کۆتایی پێدێ بەڵام لەوەی دووهەمدا دێموکراسی بە ڕاگەیاندنی براوەبوونی لایەنێک کۆتایی پێ نایێ، ئەگە لە شێوەی هەوەڵ؛ سەرجەم دەستەڵاتەکە بدرێتە زۆرینە لە فەزای مۆدێلی دووهەمدا دەرفەت بۆ پشکداربوونی لایەنەکانی تریش دەدرێ کە بەشداری دەستەڵات بن، ئەگە لە جۆری یەکەم کەمینە لە بازنەی هێز وەدەر دەنرێ ئەوە یانی "دێموکراسیی نزمکەرەوە" لەوەی تر کەمینە بەشداری دەستەڵات دەکرێ کە ئەمەش پێی دەگوترێ "دێموکراسیی بەشدارانە"، ئەگە لە شێوازی یەکەم کەمینەکان دەچنە ژێر سێبەری زۆرینەکان، لەوەی دووهەمدا کەمینە بەشێکە لە دەستەڵات و حاکمییەت، دەنگی زۆرینە لە مۆدێلی دووهەمدا تەنیا بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنەیە کە کابینەی دەوڵەت پێک دێنێ نابێ ئەو مافە بە خۆی بدا کە تەواوی بەهاکانی سیاسی و کولتووریی خۆی بەسەر لایەنەکەی تر فەڕز بکا و بیسەپێنێ. لە بارەی ئێران ئایا شێوازی "دێموکراسیی زۆرینە" تەنانەت بە پاراستنی هەموو بەهاکان هەمیسان بۆ وڵاتێکی وەک ئێران وێنا دەکرێ کە هەوێتی دێموکراتیکی هەبێ؟ لەبۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێ سەرنج بدرێتە ئەو خاڵانەی ژێرەوە کە لە بنچینەکانی پراکتیکی دێموکراسیی زۆرینەیە. ١. ئەم شێوەیە زۆرتر لەو وڵاتانە دەبینرێ کە لە بواری کولتووری، جوغڕافیایی، ئۆلی و ئەتنیکی جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێ. ٢. بوونی حیزبگەلی سیاسی کە سەرتاسەری بن و لە نێوان سەرجەم لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەستەڵاتی سیاسی و لە چوارگۆشەی نیشتمان بوونێکی باشیان هەبێ، یانی حیزبەکان بەو جۆرەی نین کە تەنیا دەڕاستای بەرژەوەندییەکان و ویستی بەشێک یا وڵاتێک یا بە ناوی تیپێکی ئەتنیکی، یا فەرهەنگی تایبەت چالاکی بکەن. ٣. لە نێوان حیزبە گەورە و ڕەسەنە سیاسییەکان جیاوازییەکی بەرچاو نابینرێ. ٤. لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی وڵات جیاوازییەکی وەها زۆر و زەبەند بەدی ناکرێ، ئەگە هەشبێ فرە کەمە، واتە بەم جۆرە نییە کە بەشێک لە وڵات خەڵکێکی یەکجار زۆر دواکەوتوو و هەژاری هەبێ و بەش یا لە بەشەکانی تر پێشکەوتن و سروەت و سامان زاف بێ. بەڵام ئەگە ئەو ڕەوشە نەبووبێ، دەبێ چ بکەین؟ لە وڵامدا دەبێ بڵێین نابێ بە هیچ شێوەیەک بیری دێمۆکراسیی زۆرینەمان بە مێشک دابێ، لە کۆمەڵگەیەک کە سیستمی دوو حیزبی نەبوو واتە لە بواری نەتەوەیی، کولتووری و ئایینیدا جیاوازیی بەرچاو هەبوو، دەبێ چ بکرێ؟ کام یەک لە شێوازەکانی دێموکراسی بە کەلکمان دێ؟ ئێران لە بواری پێکهاتەی ئەتنیکی، نەتەوەیی، زمانی و کەلەپوورییەوە تەواو جیاوازی هەیە دەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەم تەوفیرەش هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو بۆ ساڵانی دوور یانی ئەو ساڵانەی ئێران بەو مانایە شەقڵی گرت، دەگەڕێتەوە، ئەو جیاوازییانەش لە قەوارەی ڕەوتە سیاسییەکان خۆیا بوونە، بە کورتی و بە پوختی ئێران وڵاتێکە کە چەندین نەتەوە و حیزب و لایەن هەنە کە بەشی هەرە زۆریان لە ژێر کاریگەریی پارامێتری وەک نەتەوە، ئۆل، کولتوور و زمان سەریان هەڵداوە نەک بە مانای شارۆمەندی بەڵکوو دیرۆکێک تەژی لە بەرخۆدان لەبەرامبەر چەوسانەوە و زوڵم و زۆرداری، بەو ڕوانینە دەبێ چتۆ بڕوانینە وەدەستهێنانی دێموکراسی؟ نابێ بەرەو شێوازێک بڕۆین کە سەرجەم دەستەڵاتەکە دە کۆشی زۆرینە دەکا، لەو ئێرانەدا نابێ هێز و دەستەڵات هەر هەمووی بۆ لایەنێک بێ و ئەوانەی تریش پەراوێز بخرێن، پرسی زۆرینە و کەمینە لە ئێران پرسێکی ژومارەیی نییە، بەڵکوو باسێکی سیاسی و گەلێک مەزنە کە پێویستی بە چارەسەری جدی هەیە، پێکهاتەی نەتەوەیی، ئایینی و زمانیی ئێران بە جۆرێکە کە بەشێک لەو لایەنانە هەمووکات شانسی بەزۆرینە بوونیان هەیە و لەبەرامبەریشدا بەشێک هەمیشە وەک پاشکۆ دەمێننەوە، کەوابوو دەست هەڵگرتن لە مۆدێلی دێموکراسیی زۆرینە هەنگاوێکی ئەرێنییە لەم ئاخەدا، پێنگاوی دووەمژی، گەڕان بە دوای ڕێکارێکە بۆ دامەزراندنی سیستمی دێموکراسیی هاوبەش، ئەو شێوەیە لە هیندێ وڵات بە "دێموکراسیی ئەنجوومەنی"یش ناسراوە، شێوازێکە کە سەرەتا لە یاسای بنەڕەتی یا پەیماننامەکان لەتەک لایەنە سیاسییەکانی تر، پشکی گرووپە ئەتنیکی، ئایینی، ڕەگەزی و سیاسی لە چێکردی دەستەڵات دیاری دەکا، هەم پشکیان لە کابینە هەیە هەمژی لە پاڕلمان، دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ لە وڵاتێکی وەک ئێران بەو هەمووە ڕەنگ و تەوفیر و جیاوازییە قووڵە، هیچ کات ناتوانێ تەنانەت بە گۆڕانی فۆڕمی حکوومەت لە سیستمی سانتڕاڵ بۆ سیستمی فێدێڕاڵ گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر دابێ، چوونکە هەر سیستمێکی فێدێڕاڵ حکوومەتێکی ناوەندی، یاسایەکی بنەڕەتیی هاوبەش و پاڕلمانێکی ناوەندیش کە پرسە گرینگە نەتەوەییەکان تاوتوێ بکا، هەیەتی. ئەگە پشکی ئەو گرووپانە لە دەستەڵات لەبەرچاو نەگیرێ لە ڕاستییا ئێمە بەرەو فێدێڕالیزم هەنگاومان نەناوە، چاو لە وڵاتی ئیرلەند بکەن، چوونکە کاتۆلیکەکان هیچ کات ناتوانن زۆرینە بن، گشت ڕێگاکان بۆ بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسیان لەسەر داخراوە و ناچار بەرەو خەباتی چەکداری چوون و ئاکامەکەشی ئەوە بوو ساڵی ١٩٩٨ی زایینی پێکهاتن و دەستەڵات دەنێوانیاندا بەش کرا، نابێ لە بیرمان بچێ لە وڵاتێکی وەک هیندوستان موسڵمانان هیچ کات نابنە زۆرینە هەروەک فەڕانسەوییەکان لە بێلژیک و کوردەکان لە ئێران، داهاتووی ئێران لە بەر ڕۆشنایی دێمۆکراسی، چارەسەر دەبێ. ئەو کەسانەی شێوازی نادێموکراتیکی یا دژە دێمۆکراسی بانگەشە دەکەن و دەخوازن ئەندێشەی سیاسیی پێشکەوتوو و مۆدێلەکانی دێموکراسی لەتەک بیرۆکەی دواکەوتوو و چەپەڵ بگۆڕنەوە، ئەم نیشتمانە لە کارەساتێک و تارماییەک بۆ کارەسات و ڕەشاییەکی تر پاڵ پێوە دەنێن.