کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست‌بوونی چالاکێکی مەدەنیی کورد، بە کەمپەینی "دەست لە کارکێشانەوەی خامنەیی"

21:35 - 16 گەلاوێژ 2719

لە درێژەی چالاکییەکانی کەمپەینی "دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی لە دەسەڵات" و " پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیی ئێران" یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان بەناوی سیروس عەبباسی ڕۆژی سێ‌شەممە ١٥ی گەلاوێژ بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆێ، هەڵوێستی گرتووەو دەنگی خۆی خستووتە پاڵ دەنگی ١٤ چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی لە ئێران کە ئەو کەمپەینەیان پێک‌هێناوە. سیروس عەبباسی چالاکی فەرهەنگی و ژینگەپارێزی لەیلاخی لە گرتە ڤیدیۆیەکەی‌دا بە ئاوردانەوەیەک لە کێشەو گرفتەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان ، بە باسکردن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پرسی کۆڵبەری ، ڕاستەوخۆ داوا دەکات کە رێبەری باڵای نیزام سەید عەلیی خامنەیی وەزا لە دەسەڵاتە ڕەهاکەی بێنێ و ئیجازە بدات بۆ کرانەوەی کەشی سیاسی و جێگربوونی عیداڵەتی کۆمەڵایەتی. شایانی باسە ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزە ئەمنییەکان چەند جار سەردانی شوێنی کار و ژیانی سیروس عەبباسیان کردوەو گوشاریان لەسەر خستووە بۆ لابردنی ئەو کورتە فیلمە کە بڵاوی کردووتەوە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٤ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ئێرانی بەدەرکردنی دوو بانگەواز وێڕای ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ڕەهای خامنەیی و سێ دەیە دەسەڵاتداریەتی لە ژیر ناوی ڕێبەر نیزام و ویلات فقیهـ، خوازیاری ئەوە بوون کە بەشێوەی مەدەنی دەست لە کار بكێشێتەوەو، هەروەها لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا چاکسازی بکرێ.