کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڕانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان

21:37 - 16 گەلاوێژ 2719

مەجید تەخت‌ڕەوانچی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا داوا لە ئانتۆنیۆ گۆترێش، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە دەکا کە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر جەواد زەریف لاببرێ. گەمارۆ خستنە سەری جەواد زەریف واتە بچڕانی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی و، هەروەها وڵاتانی دیکەی جیهان و بەسترانەوەی ڕێگای دیپلۆماسی و لەوە کاریگەرتر، ئاشکرا بوونی فێڵ و سیاسەتە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێوەیەکی سادە بڵێین، کۆماری ئیسلامی دوای لە گەمارۆ کەوتنی وەزیری دەرەوەی، چێ دیکە ناتوانێ سەرەپۆش لەسەر کردەوەکانی دابنێ و دەستی بە ئاشکرایی ڕوون دەبێت. وڵاتی ئەمریکا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، بەدوای ئەو هەموو هەڕەشە و قسانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی محەمەد جەواد زەریفی وەک نوێنەری ڕاستەوخۆی خامنەیی لە دەرەوەی ئێران، خستە نێو لیستی گەمارۆکانییەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا مەجید تەخت‌ڕەوانچی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەدوای نەبوونی هیچ پردێک بۆ پەڕینەوەی لەو کارەساتە بۆ کۆماری ئیسلامی، داوای لە ئانتۆنیۆ گۆترێش، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە کرد کە ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا لەسەر جەواد زەریف لا ببات و ڕێگە بە زەریف بدرێت کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان لە پەیوەندی دا ببێت. شایانی باسە کە ئەو کردەوەیەی مەجید تەخت‌ڕەوانچی بووەتە هۆی ئەوەیکە دۆخەکە شێواوتر ببێتەوە چوونکە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نە لە ڕێککەوتنی بەرجامدا بە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێبەند بووە و نە بۆ بڕیار و یاسا نێودەوڵەتیەەکان ڕێزی داناوە.