کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمبوونی پزیشکی بواری ژنان و منداڵان لە ئێراندا

21:50 - 16 گەلاوێژ 2719

ماوەیەکە لە ئێران گرفتەکان ڕوویان لە کەمبوونی پزیشک و پەرەستار کردووە و نەخۆشخانەکان لەگەڵ ئەو جۆرە کێشەیانە ڕووبەڕوون. لە ڕۆژنامەکان و سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران، زۆرجار باس لەوە دەکرێ کە پزیشکانی ئیرانی بەچەندین هۆکاری جۆراوجۆر وڵات بەجێ دێڵن و ڕوو دەکەنە وڵاتانی دەرەوە و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە ئێران دابین ناکەن. ئەو سەرچاوانەی ئێران ڕایانگەیاندووە کە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و کاربەدەستانی نەخۆشخانەکانی ئێران دەبێتە هۆی ڕۆیشتنی پزیشکان و پسپۆڕانی ئێران بۆ دەرەوە. لەم ماوەیەدا کەمبوونی ڕادەی شارەزایانی بواری پزیشکیی ژنان و زاوزێ لە نەخۆشخانەکان بووەتە هۆی کێشە و فریاکەوتنە خێراکان کەم بوونەتەوە. جێگری وەزارەتی تەندرووستیی ئێران لەوبارەوە دەڵێ: ٤٥٤٤ پزیشکی شارەزا و ڕاهاتووی بواری زاوزێ و ژنان لە ئێران هەیە و بۆ هەر ١٠ ژنی دووگیان، پزیشکێک دابین کراوە بەڵام زیاترین کێشەکانمان لە ناوچە دووردەست و گەشە نەستاندوو و پەراوێز کەوتووەکاندایە و ئەو ڕادە لە ژنانی ئەو ناوچەیانە دەبێ بۆ چارەسەری کارەکەیان بۆ شوێنەکانی دیکە بڕۆن و لەگەڵ ئازار و ژانێکی قورس ڕووبەڕوو دەبنەوە. تەنانەت جیا لە کەمبوونی شارەزایانی ژنان لەو ناوچەیانە، ئامێرە پزیشکییەکانیش لەوێ نییە و بۆ گرتنی ڕادیۆلۆژی و سۆنۆگرافی و ئەو شتانە دەبێ بڕۆنە شارەکانی دەوروبەر و ئازارێکی زۆر بچێژن.