کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردن و خستنە بەندی چوار کەس لە کامیاران، پیرانشار، ورمێ و شنۆ

22:34 - 17 گەلاوێژ 2719

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکی کورد بە تۆمەتی بانگەشە دژی رێژیم و هەوڵدان لەدژی ئەمنیەتی ڕێژیم چەند لاوێکی دیکەی کورد لە کامیاران، پیرانشار، ورمێ و شنۆ دەسبەسەر و زیندانی کران. ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، لە کامیاران کەسێک بە ناوی “بورهان کەمانگەر”، لە شوێنی کارەکەی کە مۆبایل‌فرۆشی بووە، دەسبەسەر کرا. هێزەکانی ئیتلاعات دوای گرتنی ناوبراو هێرشیان کردۆتە سەر ماڵەکەی و هەندێک کەلوپەلی شەخسیی وەک لەبتابەکەیان بردوە. لەلایەکی دیکە لە شاری شنۆ، “ئاسۆ گەرمێنی” کە پێشتر دادگای شۆڕشی ورمێ سزای ساڵێک زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپاندبوو، بۆ کێشانی ماوە زیندانییەکەی بەڕێی گرتووخانەی ئەم شارە کرا. ئاسۆ گەرمێنێ ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران” گیرابوو. شایانی باسە کە ڕۆژی پێنج شەممە، ١٠ی گەلاوێژیش کەسێکی خەڵکی ترکەشی پیرانشات بە ناوی “سەید ڕەزا ئەحمەدی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە. لە شاری ورمێش “جەماڵ دوستان” کە بە تۆمەتی چالاکیی دژی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی گیرابوو، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندی ٣ و ٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.