کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی لاپەڕەکانی جەواد زەریف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

17:30 - 19 گەلاوێژ 2719

بەدوای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر موحەممەد جواد زەریف، وەزیری دەروەی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خوازیاری داخستنی لاپەڕە فەرمییەکانی جەوادە زەریف لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بووە و، داوای کردووە کە ئەو لاپەڕەیانە خێرا داخرێ تاکوو کەمتر سیاسەتە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن جەواد زەریفەوە بڵاو ببێتەوە و ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ناوچەکە. شایانی باسە کە ئەمریکا بەدوای گەمارۆ خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی و بەستنەوەی ڕێگای بازرگانیی نەوتیی وڵاتان لەگەڵ ئێران و هەروەها گەمارۆدانی زۆربەی بەرهەمە پۆڵایی و ئاسنی و لەوە زیاتر، بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامی، دەستی لە فشار خستنە سەر ئێران هەڵنەگرتووە و جەواد زەریفیشی گەمارۆ داوە و ئێستاش داوا لە کۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکا کە لاپەڕەکانی ناوبراو دابخرێن و ڕەش بکرێنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئەلعالەم"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نامەی بۆ یەکایەک کۆمپانیاکانی تویتێر، فەیسبووک و ئینستاگرام ناردووە کە لاپەڕەکانی جەواد زەریف و لاپەڕە پێوەندیدارەکان بە ئەوەوە داخرێن و چێ دیکە کاریگەرییان نەبێت. جان‌بۆڵتن لەگەڵ مایک پۆمپێئۆ لەوبارەوە گوتوویانە کە دەبێ پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ دونیای دەرەوە ببەسترێتەوە و ئێمە وەکوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵی زیاتر لەو بارەوە دەدەین. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییان بە تێرۆریست ناساند و، دواتر لاپەڕە و پەیوەندییەکانی کاربەدەستانی سپا وەکوو قاسم سولەیمان و چەندی کەسی دیکەیان داخست. بەڵام ئێستا جیا لە سپا و کاربەدەستانی سپا، وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتووەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە و هاتوچۆی بۆ دەرەوە قەدەغە کراوە و جگە لەوەش لاپەڕەکانی بەرەو ڕەش بوونەوە دەڕۆن. لە دووتوێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا ڕاگەیێندراوە کە جەواد زەریف بۆ پەرەپێدان و پڕوپاگاندای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەگرێ و، هەر بەو بۆنەوە دەبێ لاپەڕەکانی داخرێن.