کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆجارێکی دیکە لە کرماشان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە چالاکیی تەبلیغی کرا

23:59 - 19 گەلاوێژ 2719

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە لە کرماشانی دێرین پێشوازی لەو یادە نەتەوەییە کرا. لە بەرەبەری ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان واتە ٢٥ی گەلاوێژ، لایەنگران و دۆستانی ئەمەگناسی ئەو حیزبە لە شاری کوردپەروەری کرماشان ، بۆ دوویەمین جار چالاکیی تەبلیغیاتییان بەڕێوەبرد. بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە رۆژی ڕابردوو ١٨ی گەلاوێژ بەشێک لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە شاری کرماشان بە نووسینی دروشم و بەبڵاوکردنەوەی تڕاکتی پێوەندی‌دار یادی ٧٤ی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرزڕاگرت و، لەو ڕێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێباز و ئامانجی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات دووپات کردەوە. لە دوویەمن چالاکیی تەبلیغی لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە شاری کرماشان، پارکی شیرینی ئەو شارە کە شوێنیکی بەرچاو و، گەشتیارییە کرایە ئامانج و بە بەربڵاوی چالاکیی تەبلیغی تێیدا کراوە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە تێکۆشانی خەمخۆرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە لایەنگران و دۆستانی ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە پارێزگای کرماشان دەکا و، سڵاویان بۆ دەنێڕێ.