کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەڕیکی دیکە لە ناوچەی شنۆ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرا

21:24 - 21 گەلاوێژ 2719

لە ماوەی دە ڕۆژدا زیاتر لە ١٠کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزەکانی ڕێژیم کوژراو و بریندار بوون. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، سەعید حەسەنپوور خەڵکی گوندی کانییەڕەشی سەر بە شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لە دەست‌دا هەروەها ناوبراو کەسێکی چالاک و دڵسۆز و کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو. ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەخشی سەفائییەی شاری خۆی، کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ڕەزا ئیبراهیمی"، خەڵکی گوندی "کەڕکووش"، گیانی لەدەست دا و لە هەمان رۆژدا کاسبکارێکی دیکە بە ناوی "مێهدی مۆنفەرێد"، لە سنووری شاری نەوسووددا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو. ئەو کاسبکارە کوردە، لەگەڵ ژمارەیەک کاسبکاران، لە شوێنێک بە ناوی "مەڕوزاوەری"، لە نێوان شاری نۆدشە و دزاوەر، کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کرا. هەروەها ١٨ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی‌ دیکە بە ناوی "یوونس پیرۆتی"، کوڕی "محەممەد"، خەڵکی گوندی "بێورانی خوارێ"ی شاری سەردەشت، لە ئەنجامی تەقەی ئەوهێزانە بریندار کرا هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە،هەر لەو پێوەندی‌دا ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی قوتووری خۆی، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لەو تەقەکردندا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ناجی ئەبووبەکری"، کوڕی "سەبری"، بەسەختی بریندار کرا. بە پێی سەر چاوەکانی هەواڵ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی گەلاوێژ، هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیکی گوندی سنووریی "قامیشەڵە"ی ناوچەی سەرشیوی مەریوان، دەسڕێژییان لە چەند کۆڵبەری کورد کرد و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کوردی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی "ئیسماعیل ساوجی‌نژاد"، خەڵکی مەریوان، دەسبەجێ گیانی لەدەست دا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "شەهاب"، کوڕی "عەباس"، خەڵکی گوندی "شێواشانـ"ـی شاری سەردەشت، لە کاتی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، لاقێکی شکا، سێ کۆڵبەری‌تر بە ناوەکانی "ڕەشید خەندانی، خەلیل قادری و شاکر کۆڵانی" لە سنووری پیرانشار بریندار بوون.