کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کاسبکارێک و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شنۆ بەدەستی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە.

04:31 - 22 گەلاوێژ 2719

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ۲۲ی گەلاوێژ کاتژمێر ۳ی سەرلەبەیانی کاسبکارێکی خەڵکی گوندی کانییەڕەشی سەر بە شاری شنۆ بە نێوی سەعید حەسەنپوور کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی تەقەی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کرا. سەعید حەسەنپوور کوڕێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی گەلەکەی و ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو ‌‌‌. ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەک وەک کەسێکی هەڵسووڕ، بەردەوام هەر ئەرکێکی حیزبی پێ ئەسپێردرابا بە باشی و بە وەخت ڕای دەپەڕاند کە بەداخەوە بە هۆی تەقەی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە گیانی لێ ئەستێندرا. ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی کاک سەعیددا هەبووە بۆ تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ناسراون و بە زووترین کات لە قاو دەدرێن. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەرمی کاک سەعید لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای هاخەمیی کردن لە گەڵ بنەماڵەی سەرجەم کۆڵبەران وکاسبکارانی قوربانی، بەتایبەتی بنەماڵەی کاک سەعید ، پرسەوسەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە کەسوکار وبنەماڵەی بەڕێزیان دەکا.