کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیدابوونی باندێکی ڕێگر و پیاوکوژی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەی شنۆ

22:44 - 22 گەلاوێژ 2719

باندێکی ڕێگر و پیاوکوژ لە ناوچەی شنۆ پەیدابوون کە بە پشتیوانیی سپای پاسدارانی ڕێژیم خەریکی ڕاوڕووتی خەڵکن و دەستیان لە کوشتنی کاسبکاران و خەڵکی ئاساییدا ئاوەڵا هێشتراوەتەوە. بە پێێ ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، دەستەیەک چەتەی ڕێگر کە وەک دیارە سپای پاسداران پشتیوانییان لێ دەکات، ماوەیەکە لە ناوچەکانی شنۆ و پیرانشار خەریکی ڕاوڕووتی خەڵکن و تەقە لە کاسبکاران و کۆڵبەران دەکەن. بە پێی زانیارییەکان ئەم باندە ڕێگرە بەشێک لە دەسکەوتەکانیان کە لە ڕێگای تاڵان و ڕاوڕووتی ماڵی خەڵکەوە وەدەستی دەهێنن، دەدەنە بەرپرسانی سپای پاسداران و بەم شێوەیە لە لایەن سپا و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە چاوپۆشی لە کارەکانیان دەکرێ. ئەم باندە کە لە چەند کەسێکی نەفسنزمی نیشتمانفرۆش بە سەرپەرەستیی فەیسەڵ خالیدنژاد، ناسراو بە فەیسەڵ شکاک پێکهاتووە، ڕۆژانە کەمین بۆ کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچەکە دادەنێن و وێڕای تەقە لێکردنیان دەست بە سەر شتومەکەکانیاندا دەگرن. بە پێی بەدواداچوونێکی ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەم باندە دەستیان لە کوشتنی سەعید حەسەنپوور، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هەبووە کە ڕۆژی ٢٠ی گەلاوێژ تەقەی لێکراو گیانی لە دەستدا.