کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێشووی شاری بیجاڕ پرۆژەی دزینی ئاوی کوردستانی لە قاو دا

22:54 - 22 گەلاوێژ 2719

محەممەد محەممەد ڕەزایی نوێنەری پێشووی شاری بیجاڕ لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد کە هێندیک هەوڵی جیددی هەیە کە بە ناوی کارخانەی پۆڵاسازییەوە ، ئاوی دربەندی ئازادی پارێزگای سنە بنێرن بۆ پارێزگای هەمەدان. ناوبراو بە باسکردن لە لایەنە خەسارەتبارەکانی پرۆژەی "زەنجیری پۆڵای کوردستان"ی شاری قوروە کە بڕیارە جێبەجێ ببێ، ئەو هەوڵە دەوڵەتییەی بە گەلاڵەیەکی خیانەتکارانە دەزانێت لە هەمبەر خەڵکی کورد، بەتایبەتی خەڵکی پارێزگای سنە. ئەو نوێنەرە لەسەر ئەوباوەڕە دایە کە کەسانێک دەیانهەوێ بە بیانووی کارخانەی پۆڵاسازیی ئاوی بەنداوی ئازادی لە سەوڵاوای مەریوان بگوازنەوە بۆ بەندواوی قۆچم لە دەشتی لەیلاخ و پاشان ڕەوانەی پارێزگای هەمەدان بکرێت ، ئەمە لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتی جووتیارانی ئەو ناوچانە خۆیان لە گەڵ کەمیی‌ئاو ڕووبەڕوون. محەممەد محەممەد ڕەزایی لە درێژەی قسەکانی‌دا دەڵی: چەند ساڵە هاوار دەکەم کە پرۆژەی "پۆڵای کوردستان" ، پرۆژیەکی خیانەتکارانەیە لە ئاست خەڵکی کورد و ئێستاش دەڵێم؛ مەبەستی سەرەکیی پرۆژەی پۆڵای کوردستان دزینی ئاوی پارێزگای سنەیە بۆ پارێزگای هەمەدان. ناوبرا دەڵێ لە کاتێک کە کۆاڵیتی ئاوی "دەربەندی ئازاد" لە سەوڵاوا لە ئاستێک‌دایە کە دەکرێ وەکوو ئاوا کانزایی بفرۆشرێت ئیتر چ پیویست دەکا بە تێچوویەکی فەراوان بۆ سارد کردنەوەی کوورەکانی کارخانەی پۆڵاسازیی بگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سنە، دیارە کە پرۆژەی پۆڵاسازیی لەو پارێزگایە خوێندنەوەی زانستی و وردی بۆ نەکراوە. ناوبراو لە کۆتایی‌دا دەڵێ کەسانێک بە ئەنقەست پێش لە سەرگرتنی گەڵاڵەی هێڵی شەمەندەفەڕی زەنجان، بیجاڕ و سنە دەگرن ، کەچی لە هەوڵدان لە ژێرناوی پۆڵاسازییەوە ئاوی پارێزگای سنە بدزن بۆ پارێزگای هەمەدان.