کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ٩مین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی دەف لە شاری سنە

16:56 - 23 گەلاوێژ 2719

بە بەشداریی چەندین گرووپی مووسیقایی و پێشوازی کردنی بەربڵاوی خەڵکی کورد ، لە شاری سنە کە بە "پایتەختی دەف" لە جیهاندا ناسراوە، نۆیەمین فستیڤاڵی ژەنینی دەف و چڕینی ئاوازە ئاینییەکان لە پارکی ئیستقلالی ئەو شارە بەڕێوەچوو. ئەگەرچی ئەمساڵ ئەو فستیڤاڵە لە بناری ئاویەر بەڕێوەنەچوو، بەڵام دیسان لە لایەن خەڵکی فەرهەنگدۆستی کوردەوە، پێشوازی بەرچاوی لێ‌کرا. یەکێک لە بڕگەکانی فستیڤاڵی دەف لە شاری سنە کە چەند ساڵە بە جوانی بەڕێوەدەچێت، کارنەڤاڵی "ژەنینی دەف"ە کە ئەمساڵیش زیاتر لە ٣٠٠ دەفژەنی پێکهاتوو لە ژن و پیاوان و کچان و کوڕانی کورد بە شکۆمەندییەوە بەشدارییان کرد و تابلۆیەکی جوانی هونەرییان نەخشاند. ڕۆژی ڕابردوو ٢٢ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی نرکەی دەفی ژنان و کچانی کورد و ڕەهێڵەی باران جوانییەکی تایبەتی بە شاری سنەو کەلتووری باڵای کورد لەو بەشە لە کوردستان بەخشی. لەو فستیڤاڵەدا کە چەندین گرووپی نێونەتەوەیی‌ تێی‌دا بەشداربوون بۆ جارێکی دیکە شاری سنەو هونەرمەندانی کورد توانیان مووسیقی و کەلتووری کوردی بەرز بنرخێنن و سەرنجی میوانانی بیانی و گەشتیاران ڕابکێشن. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە لە یەکەمین کارنەڤاڵی دەف، بۆ یەکەمجار لە جیهان ١٠٠٠ دەفژەن پێکەوە لە ئیماراتی خۆسرئاوای سنە دەفیان ژەنی ، کە لە ئاستی ئێران و جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو. بەتایبەتی بەشداریی بەربڵاوی کچان و ژنانی کورد لەو کارنەڤاڵە فەرهەنگی و هونەرییە‌دا زیاتر سەرنجراکێش بوو، ئەویش لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە ڕێگەی لە بەشداریی کردنی ژنانی لە بواری مووسیقیدا بەرتەسک کردووە. شیاوی باسە ئامێری دەف، ئامێریکی مووسیقایی جێگای ڕێزە لە لای خەڵکی کوردستانەوە، کە لە مێژە لە ملوودییە ئایینەییەکان و نیایشەکان بەکاریان هێناوەو، ئێستاش ئامێرێکی جێکەوتووە لە مووسیقی کوردی و هەر لەڕێگای ژەنیارانی کوردەوە چووتە نێو مووسیقی ئێرانەوە.