کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕزگاربوونی هاونیشتمانییەکی ئیلامی لە سزای سێدارە

22:42 - 23 گەلاوێژ 2719

بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری ئابدانانی ئیلام بکوژی دوو منداڵی خۆیانیان بەخشی. بەپێی دوایین زانیارییەکان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری ئابدانان دوو کوڕی بنەماڵەیەک و کوڕی بنەماڵەیەکی دیکەی کوشتبوو و لەدرێژەی چالاکییە مرۆڤ دۆستانە و هاوکاریی ڕیش سپی و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو دەڤەرە، کەسی تۆمەتبار لە سێدارە ڕزگاریی بوو و ئازاد کراوە. ئەو دیاردە مرۆڤی و بەشەردۆستانەیەی لێبوردن لە کوردستان پەرەی ستاندووە و تا ئێستا گیانی چەندین کەسی لە مەرگ ڕزگار کردووە. عەلیڕەزا تەهماسبی، بەرپرسی گشتیی دادگای شاری ئابدانان لەو بارەوە گوتی: ئایینێکی پاک و پیرۆز بەناوی لێبوردن و بەخشش لە کوردستان جێگیر بووە. هەروەها سەبارەت بە کردەوەکە ڕایگەیاند: بە هاوکاریی خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشانی ئەو شارە کەسی تۆمەتبار لە سێدارە ڕزگاری بوو و هەروەها مرۆڤێکی دڵگەورە و بەڕێز بەناوی کەرەموڵڵا ڕەزایی، دانیشتووی گوندی "سیاگاو"ی شاری ئابدانان، لە خوێنی دوو کوڕ و برازایێکی خۆی خۆش بوو و لە سێدارەدانی تۆمەتبارەکە پەشیمان بووەتەوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ئەمساڵ لە سنە، دوو بڕیاری سێدارە هەڵوەشایەوە و ساڵی ڕابردووش چەند سزایەکی دیکەی لە سێدارەدان بەخشرا و بنەماڵەی کوژراوەکان لە خوێنی منداڵەکانیان خۆش بوون.