کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری ئیبراهیم ڕەییسی بەرپرسی ناوەندی قەزایی کۆماری ئیسلامی بۆ پارێزگای سنە

17:32 - 24 گەلاوێژ 2719

لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٤ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها ٢٨ گەلاوێژ ساڵڕۆژی هێرشی سەرانسەریی بۆ سەر کوردستان، ئیبراهیم ڕەییسی، بەرپرسی ناوەندی قەزایی و لێکۆڵینەوەی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ سەردانی پارێزگای سنەی کرد. ڕەییسی هەندێک خاڵی گرینگی لەو سەفەرەدا کردووەتە مەبەست کە لە قسەکانیدا بە ئاشکرایی دیارە وەکوو پێشتر، هەر لە چل ساڵ پێشەوە تا ئێستا، کۆماری ئیسلامی بەس ویستوویە دەسەڵات و دەستڕۆیشتنی لە کوردستان زیاتر بکات و قازانجی خۆی لە خەڵک و خاكی کوردستان وەر بگرێت و خەڵکەکەشی بخاتە مەترسی و ژیانیان لێ تاڵ بکا. دیارە کە برایم ڕەییسی کەسێکی ناسراو لە کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستێکی لە مێژینەی ئەو ڕێژیمەیە بەڵام جگە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نگریسی کۆماری ئیسلامی هیچ قازانجی بۆ خەڵکی بەشەرەفی کورد نەبووە و وەکوو ڕۆژی ڕوون دیارە کە نایبێت. ناوبراو لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە بێکاری لە شارەکانی کوردستان گوتی:" کوردستان بۆ ئێمە گرینگە و زیاترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەیکە بێکاری لە کوردستان بگاتە کەمترین ئاستی خۆی و پیشە و کار درووس بکەین تا لاوانی کورد بێکار نەبن". ئەو قسانەی ڕەییسی ئەگەر بکەوێتە خانەی لێکدانەوە و شرۆڤەوە، دەردەکەوێ کۆی قسەکانی هەموو بێ بنەمان و هیچکات جێبەجێ ناکرێ چوونکە مێژووی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئەوەی دەرخستووە کە کورد لە ڕێژیمی ئاخوندیدا هیچ پێگەیێکی نییە و هیچ بۆ پرسی کورد نەکراوە چ بگاتە ئەوەیکە کار و پیشە لە کوردستان پەرەی پێ بدرێت. بەشێکی دیکە لە قسەکانی ڕەییسی سەبارەت بە لێکدانەوەی قەزایی لە سنە و چارەسەری ئەو بابەتە بوو و هەروەها لە درێژەدا قسەکانی دا هەر فڕۆکەخانەی سنە بە بیانووی ئەمنیەتی سنوورەکان ، باسی لە میلیتاریزە کردنی کوردستان کرد. سەفەری ئەو کاربەدەستە ڕابردوو ڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سنە لە حاڵێکدایە کە دەیان بەندکراوی سیاسی و مەدەنی و بە دەیان کەسی بێتاوان لە زیندانەکانی سنە لەژێر ئەشکەنجەدان و هیچ بۆ ئەوان نەکراوە. لەو کەسانە دەتوانین بە زارا موحەممەدی ئاماژە بکەین کە ماوەیەکی زۆرە چارەنووسی نادیارە و لەژێر ئازار وئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات دایە. جێگای ئاماژەیە کە برایم ڕەییسی، یەکێک لە ئەندامانی "هەیئەتی مەرگ" لە ساڵەکانی ٦٠ بووە کە دەستی بە خوێنی سەدان کەسی بێتاوان لە کوردستان و ئێران سوور بووە و بڕیاری زۆرێک لە سێدارەدانەکان و کۆمەڵکوژی گەنجانی کوردی داوە.