کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی کردن لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری قوروە

22:35 - 24 گەلاوێژ 2719

بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری قوروە سەربە پارێزگای سنە چالاکیی تەبلیغی کرا. لە درێژەی چالاکییەکان بەبۆنەی ٧٤مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری هەستیاری قوروە چالاکیی تەبلیغی کرا و, بۆ جارێکی دیکە کوردانی نیشتمانپەروەری قوروەیی پشتیوانی خۆیانیان لە حیزبی شوناسخوازی دێموکرات دووپات کردەوە. ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ بەشێک لە لایەنگرانی چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری قوروە، بە نووسینی تڕاکت و دروشمی پێوەندی‌دار بە یادی ٢٥ی گەلاوێژ پەیامی خۆیانیان بە گوێی دەسەڵاتی دژە کورد کۆماری ئیسلامی گەیاند و لەو ڕێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سەلماند. ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری قوروە بە هەڵواسینی پارچە نووسراوەیەک لە نیو پارکی شار و، هەروەها بڵاوکردنەوە تڕاکتی شۆڕشگێرانە لە نێو شار ، ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرز ڕاگرت. جێی ‌ئاماژەیە شاری زێڕین و بەنرخی قوروە کە لە باری جوغرافیاییەوە بە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە، بە هۆی تێکڵاوی زمانی و مەزهەبی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەوڵدرا کە بە سازکردنی ناکۆکیی مەزهەبی و ئاسمیلەکردنەوە لە کوردستانی داببڕن، بەڵام چەندین ساڵە بە تێکۆشانی کەسانی کوردپەروەر و خەمخۆر لەو شارە و پشتیوانی کردنی لایەنە سیاسییە شوناسخوازەکان، هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەو شارە گرینگە ڕۆژبەڕۆژ لە گەشە کردن دایە. کۆمیسیۆن تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی پێشکەش بە خەڵکی خۆڕاگر و نیشتماندۆستی شاری قوروە دەکات و سڵاویان بۆ دەنێرێ.