کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجییە" پەردەی لەسەر لادرا

22:58 - 24 گەلاوێژ 2719

لە کۆڕیکی فەرهەنگی‌دا کۆمەڵەی شێعری باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجییە بەرهەمی خاتوو سوهەیلا مێهەمی بە خوێنەران و هۆگرانی ئەدەب و شێعری کوردی ناسێندرا. ئەو کۆڕە فەرهەنگییە کە لە کافە کتێبی وشە لە شاری سنە بە بەشداری بەشێک لە نووسەران و قەڵەمبەدەستانی کورد بەرێوەچوو ، سەرەتا سوهەیلا مێهەمی شاعیری نوێخواز چەند شێعرێکی لە کتێبی "باڵندەییم شاشەیەکی شەترنجییە" وەکوو یەکەم ئەزموونی کتێبە شێعری خۆی خوێندەوە. پاشان خاتوو بەیان عەزیزی لەسەر ئەدەبیاتی ژنان و بەتایبەتی ژنی کوردی قەڵەمبەدەست بۆ ئامادەبووان قسەی کرد و، لە قسەکانی‌دا ئاماژەی بە ئەوەدا کە بۆچی ژن دەست بۆ قەڵەم دەبات و بۆچی دەنووسی!؟ و بەو پرسیارەوە لایەنە شێعری و هزریی بەرهەمەکانی سوهەیلا مێهەمی وەکوو ژنە نووسەرێکی کورد، خستە بەرباس. پاش قسەکانی بەیان عەزیزی ، نینا کەریمی لە سەر ڕەوتی شیعری کوردی و بە گرینگیدان بە جوانناسی و نیشانەناسی کورتەیەکی پێشکەش کرد. گوڵاڵەی دروودیان یەکێکی دیکە لە بەشدارانی ئەو کۆڕە بوو کە لە سەر پێکهاتەی شیعر و ناوەڕۆکی دەقەکان قسەی کرد. لە بڕگەیەکی دیکە‌دا هونەرمەندی گۆرانیبێژ نەڤید کەریمی چەند سترانێکی پێشکەش کرد. شیاوی باسە خاتوو سوهەیلا مێهەمی وەکوو زۆربەی نووسەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا بە شێعری فارسییەوە پێ ‌ناوەتە مەیدانی ئەدەبیاتەوە، بەڵام خۆشەویستیی زمان و ناسنامە، وای لێ دەکا کە لەوئەوپەڕی ماندووبوون و خەمخۆرییەوە فێری نووسین و خوێندنی زمانی نەتەوەیی ببێت و بە زمانی دایک، خزمەت بە کتێبخانەی کوردی بکات. ئەو خاتوونە جواننووسە، لە دایکبووی ئاوایی مەێهەم لە ناوچەی "ئەسفەناوا"ی سەر بە شاری "قوروە"یە لە پارێزگای سنە و ئێستا نیشتەجێی سنەیە و چەند ساڵە لەگەڵ بڵاڤۆک و هەفتەنامەکان کوردی و فارسییەکان هاوکاری دەکات. وەک خۆی باسی کردووە پاش فێربوونی زمانی کوردی، یەکەم شێعری بۆ منداڵان لەژێر ناوی "بابا نۆئێل" لە هەفتەنامەی "دیاری کوهەن" لە شاری سنە چاپ کرا، کە زۆر پێشوازی لێ‌کراو بۆ بە پاڵنەرێک کە بە جیددی بەدوای زمان و ئەدەبی کوردی بكەوێ و بە وردی سەرنجی ڕەوتی شیعری کوردی بدات. زاڵبوون بەسەر زمانی کوردی، جوانکاریی ئەدەبی و نواندنی ئازاری ژنانی کۆمەڵگە و وردبینی لە بەکارهێنانی دەستەواژەکان و درێژەدان بە ڕەوتی شێعری نوێی کوردی لە تایبەتمەندییەکانی شێعری سوهەیلا مێهەمی"یە.