کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی کردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کەمپەینی "دەست‌لەکارکێشانەوەی خامنەیی"

21:33 - 26 گەلاوێژ 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە چوار حیزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا وێڕای باسکردن لە جموجۆڵ و چالاکییەکانی نێوخۆی وڵات، لە بانگەوازی ١٤ چالاکی مەدەنی و سیاسیی ئێرانی و ١٤ ژنی چالاک لە پێوەندی لەگەڵ "دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی و پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیی ئێران" پشتیوانییان کرد. ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی لە سێزەدەیەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە باسکردن و شیکردنەوەی هەلومەرجی سیاسیی ئێران و کوردستان وبە پێداگریی کردن لە سەر خەبات و تێکۆشانەکانی نێوخۆی وڵات بە ئاوردانەوەیەک لە کەمپەینی دەست لەکار کێشانی خامنەیی لە دەسەڵات و تێپەڕبوون لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ، ئەو هەنگاوەیان بە هەنگاوێکی گرینگ و ئەرینی زانی و لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا ئاماژەیان پێداوە. شایەنی باسە کە ١٤کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و کەسانی ناسراوی ئێرانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ واتە ٩٨ی هەتاوی بەیاننامەیەکیان واژۆکرد و خوازیاری دەسلەکارکێشانەوەی خامنەیی و نەمانی کۆماری ئیسلامی بوون، کە دواتر کەسانی دیکەش پێشوازییان لەو داوایە کرد، لەوانە ١٤ مامۆستا و ١٤ چالاکی ژن کە کەوتنە بەر هەڕەشەو لێدان و زیندانیکردن و فشاربۆ سەر بنەماڵەکانیان. ئەندامانی ئەم بەیاننامەیە ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داواکانیان لە چالاکی بەردەوام دەبن و زیندان و هەڕەشەو تەنانەت مەرگیش نایانترسێنێ.