کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسێڕتی سێ هەزار کەسی حسێن سەفامەنش لە تاران

18:36 - 27 گەلاوێژ 2719

دەنگدانەوەی چریکەی ڕەسەنی مووسیقی کوردی بە هونەرمەندی حسێن سەفامەنش لە پایتەختی ئێران. شەوی ٢٤ گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی هونەرمەند حسێن سەفامەنش گۆڕانیبێژی لێهاتووی کورد بە هاوکاری گرووپی مووسیقیی سازوژین کونسێرتێکی لە شاری تاران بۆ هۆگرانی ئاواز و مووسیقای کوردی بەڕێوە برد. لەو کونسیڕتە‌دا کە زیاتر لە سێ هەزار کەس تێیدا بەشدارییان کرد، هونەرمەند سەفامەنش کۆمەڵێک گۆرانی و مەقامی کوردی بە زاراوە جیاجیاکان چڕی، کە نیشان لە لێهاتووی و زاڵبوونی ئەو هونەرمەندەیە بەسەر مەقامە کوردییەکان و زاراوە جیاجیاکانی زمانی کوردی. بە گوتەی هەواڵنێرانی بەشدار لەو کۆنسێڕتەدا هونەرمەند سەفا مەنش بە جوانی توانی دەوڵەمەندی مووسیقی و میلوودی کوردی بە بەشداربووان بناسێنێت و بە گەرمی پێشوازی لێ‌کرا. حسێن سەفامەنش هەوڵیدا ئەزموونی ٢٠ ساڵەی خۆی لە مووسیقی کوردی بە خوێندن و چڕینی مەقام و ئاوزازە جیاجیاکانی کوردی لە لەکستانەوە هەتا لۆڕستان بە بەشداران نیشان بدات. بە گوتە یەکێک لە بەشداران؛ سەفامەنش توانی مەزنایەتیی مووسیقی و شارستانییەتی کوردی لە ناو دڵی تاران بە خەڵک بناسێنێت. هەر بۆیە زیاتر لە سێ هەزارکەس چەپلەڕێزانیان کرد و بە دڵەوە گوێیان لە هەست و سۆزی مووسیقیی کوردی گرت. شیاوی باسە هونەرمەند حسێن سەفامەنش خەڵکی کرماشانە و ماوەی چەند ساڵە بە شارەزاییەوە خەریکی پەرەپێدان بە ئاواز و میلوودییە کوردییەکانەو بە زۆربەی زاراوەکانی کوردی گۆرانی خوێندوەو بە سەر دوو شاری گرینگی کرماشان و ئیلام لە بووژانەوەی هەستی نەتەوەییدا کاریگەریی باشی هەبووە. ئەو هونەرمەندە دەروەست و لێهاتووە ساڵی ٢٠١٩ش خەڵاتی هونەریی ماملێی پێشکەش کراو، ئەو خەڵاتەی پێشکەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان کرد.