کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەدەغەکردنی جل‌وبەرگی کوردی لە نێگارکێشی بۆ چیرۆکی منداڵان لە ئیلام

22:36 - 27 گەلاوێژ 2719

لە تازەترین بڕیاری ناوەندی "ممیزی" و چاوەدێری بۆ سەر چاپەمەنی ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئیلام، جلوبەرگی کوردی لە نەققاشی و ئەنیمیشنی کوردی قەدەغە کراوە. بە پێی هەواڵێک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە یەکێک لە بەرهەمەکانی وەشانگەی باشوور لە ئیلام کە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانە بە هۆی ئەوەی لە چیرۆکێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بە ناوی " مێرووڵەو هەنگەژاڵە" کاراکتەرەکانی ئەو چیرۆکە جل و بەرگی کوردییان لەبەرە، ڕێگەیان بە چاپی ئەو کتێبە نەداوە. ناوەندی چاوەدێری بەسەر چاپەمەنی سەر بە ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی بە نامەی فەرمی داوای کردوە کە لیباسی کاراکتەرەکانی ئەو چیرۆکە کوردی نەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئیلام و پارێزگای ئیلام یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی کوردستانن و ئەو ڕێگرییەش بۆ دژایەتیی ناوەندی دەسەڵاتدار لە گەڵ پەرەسەندی هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە. بەگوتەی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی ئیلامی ئەو بڕیار بە پێی هیچ یاسایەک نییە، جگە لە ڕوانینی شوڤێنیزمی بۆ سەر گەلانی غەیرە فارس لە ئێران. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە وەشانگەی باشوور لە ئیلام لە سەرماوەزی ساڵی ٩٧ی هەتاوی مۆڵەتی وەرگرت و، لە ڕێبەندانی هەمان ساڵ دەستی بە چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی خۆی کرد. شایانی باسە وەشانگەی "باشوور" بۆ چالاکی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی خوارین (کەلهوڕی، لەکی، فەیلی و...) بە خەمخۆری قەڵەمبەدەست و نووسەرانی ئیلامی دامەزراوە و "محەممەدموراد نەساری"بەرپرسایەتیی وەشانگەی باشووری لە ئەستۆ دایە.