کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕژێمی ئێران دەبێ لە هەمبەر چوار زیندانی سیاسیی کوردی ئێعدام‌کراو، وڵامدەر بێ

22:44 - 27 گەلاوێژ 2719

بەپێ ڕاپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ "ونبووانی قەهری" یان "بێسەروشوێن‌کردنی بەئەنقەست"، کە لەم دواییەدا بڵاوکراوەتەوە، فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهۆلی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکێڵی وەک ونبووانی قەهری ناسراون. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئێران دەبێ وێڕای ڕوونکردنەوەی چارەنووسیان، لەئەگەری جێبەجێکردنی حۆکمی سێدارەیان، شوێنی دەفن و گڵکۆکەیان ڕابگەینێ. ئەم چوار زیندانی سیاسیی کوردە لەگەڵ مەهدی ئیسلامییان لە ڕێکەوتی ۱۹ی بانەمەڕەی ۱۳٨۹ی هەتاوی لە زیندانی ئێڤین لەسێدارە دران و تا ئێستاش شوێنی دەفن و گڵکۆکەیان ڕانەگەینراوە و بنەماڵەکانیان چاوەڕێ هەواڵێک لە بارەوەن. شایەنی باسە کە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆربەی زیندانیانی سیاسی کە ئێعدامیش دەکرێن شوێنی ئەسپەردەکردنیان بە بنەماڵەکانیان ڕاناگەیەنێ و هەربۆیە کەس‌وکار ئێعدامکراوان هەردەم لە چاوەڕوانی‌دان و ئازاری بێسەروشوێن‌بوونی ڕۆڵەکانیان دەچێژن.