![](/files/hhhhhh-1.jpg)
چل ساڵ بەسەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەرکوردستان تێدەپەڕێ.
لە ڕۆژی ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە فەرمانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی " خومەینی" فتوای جیهاد لە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاوانی داواکردنی مافەسەرەتاییەکانیان دەرچوو
خومەینی بە گوتنی " اشدا علی الکفار رحمها بینهم" فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی کرد کۆتایی بە بە گووتەی نابراو غائیلەی کوردستان بێنن
خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای سەرەتاییترین مافە سیاسی و ئینسانییەکانی خۆیان دەکرد و لە لایەن سوپای پاسداران بە تووندترین شێوە و لە ڕێگەی سەربازییەوە ویستەکانیان سەرکوت کرا.
تەنیا بە تاوانی داواکردنی مافەکانیان لە سنە، پاوە و مەهاباد و بست بە بستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوانی کورد پۆل پۆل سەریان چووە سەر دار و تیرباران کران.
خەلخاڵی وەک حاکمی شەرعی خومەینی لە کوردستان دەستی بە کۆمەڵکوژ و ڕەشەکوژکردنی لاوان و خەڵکی بێتاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و سەدان کەس لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی نێردراوانی خومەینی شەهید کران.
هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە ساناترین کەرەسە سەربازییەکانەوە سینگیان کردە قەڵغانی گەلەکەیان و بە گژ سپای پۆشتە و پەرداغی خومەینیدا هاتنەوە .
چل ساڵ دوای ئەو ڕۆژە و لە گەڵ بەردەوامیی گوشارەکان بە شێوازگەلی جۆراو جۆر،لە گرتن و کوشتن و سێدارە و ئێعدام هەڵاواردنی سیستماتێک،گەلی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا پێداگرن لەسەر بە دەستهێنانی مافە سیاسی ، ئابوری و فەرهەنگیەکانیان و کۆماری ئیسلامی لەو پەڕی لاوازی خۆیدایە.