کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی تازەلاوێکی کرماشانی لە فستیڤاڵی مووسیقیی لاوانی ئێران

01:56 - 29 گەلاوێژ 2719

تازەلاوێکی کرماشانی بە لێهاتووترین ژەنیار لە ١٣مین فستیڤاڵی مووسیقیی لاوانی ئێران هەڵبژێردرا لە سێزدەیەمین فستیڤاڵی میللیی لاوانی ئێران، وریا کەریمی تازەلاوی بەهرەمەند لە بواری ئامیری تەنبوور وەکوو ژەنیاری سەرکەتوو خەڵات کرا. سێزدەیەمین فستیڤاڵی مووسیقیی لاوانی ئێران کە لە ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ دەستی پێکردوەو هەتا ٥ی خەرمانان لە "تەلاری ڕۆدەکی"ی تاران درێژەی هەیە. ئەو فستیڤاڵە کە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوە فەرهەنگییەکانی ئێرانە، هەموو ساڵێک لە سێ بەشی مووسیقیی ئێران و مووسیقیی گەلان و مووسیقیی کلاسیک بەڕێوەدەچێت و ژەنیارانی لاو و تازە لاوی کورد بە جوانی و لێهاتوویی تێیدا دەدرەوشێنەوە. ئەمساڵیش لە بەشی تەکژەنینی تەنبووردا، وریا کەریمی تازەلاوی کرماشانی وەکوو لێهاتووترین ژەنیار دەست نیشان کرا. هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئامیری دێرینی تەنبوور و شارەزایی لاوان و خەڵکی پارێزگای کرماشان لە ژەنینی ئەو ئامێرە وەکوو ئامێرێکی دێرین و پیرۆز، بڕیارە لە ٣١ی گەلاوێژ تا ١ی خەرمانان لە ئاوایی بانزەلانی شاری داڵاهوو سێیەمین فستیڤاڵی سەرانسەریی تەنبوور بە مەبەستی پەرەپێدان بەو سازە کوردی و ڕەسەنە بەرێوەبچێت. شایانی باسە کە ئەو کێبەرکێیە هونەرییە کە لە نێوان ژەنیارانی تەمەن ١٠ ساڵ تا ٣٠ ساڵ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوە دەچێت. جێی‌ئاماژەیە کە ناوچەی داڵاهووی کرماشان بە یەکێک لە پایتەختەکانی ئامێری تەنبوور دێتە ئەژمار و ئەو ئامێرە مووسیقاییە لە نێو خەڵکی ئەو ناوچە جێگایەکی تایبەتی هەیە.