کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمیناری 25ی گەلاوێژ، دەسپێکی مێژووی نوێی سەروەریی نەتەوایەتی

15:23 - 29 گەلاوێژ 2719

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی سمینارێک لەژێر ناوی "25ی گەلاوێژ، دەسپێکی مێژووی نوێی سەروەریی نەتەوایەتی"، یادی حەفتاوچوار ساڵەی دامەزرانی خۆی کردەوە. هەروەها لەو سمینارەدا بابەتی 40 ساڵەی فیتوای جیهادی خومەینی لە دژی نەتەوەی کورد و شکۆی بەرگریی کورد لەو ماوەیەدا ئاوڕی لێ درایەوە. ئەم سمینارە ڕۆژی دووشەممە، 28ی گەلاوێژ، لە شاری سلێمانی و بەبەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبی و ڕووناکبیری بەڕێوەچوو. لە سەرەتای سمینارەکەدا خاتوو شەونم هەمزەیی، بەڕێوەبەری سمینارەکە کورتەباسێکی لە سەر سێ ڕووداوی مێژوویی مانگی گەلاوێژ، واتە دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ساڵەکانی 1321 و 1324ی هەتاوی و دواتر فەرمانی شەڕ و لەشکەرکێشی لە دژی کورد بە بڕیاری ئایەتوڵلا خومەینی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە ساڵی 1358ی هەتاوی پێشکێش کرد و تایتێل و باسەکانی سمینارەکەی بۆ بەشداران خستەڕوو. لە بڕگەی یەکەمی سمینارەکەدا کاک سمایل بازیار، مامۆستای مێژوو زانکۆ لە کۆیە و کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی: "کۆمەڵەی ژ کاف، ڕێچکەیەک بۆ ناسیۆنالیزمی کورد هەتا ئێستا"دا. بەڕێزیان لە باسەکەیدا تیشكی خستەسەر ئەوەی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ کاف) مێژوویەکی ناتەواوە و بە هێنانەوەی چەند فاکت ئاماژەی بەوە کرد کە بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی ژێکاف نە هەڵوەشا و نە هەرەسی هێنا. سیاسەت و ڕێباز و هەروەها پێکهاتەی فیکری و تەشکیلاتیی ژێکاف؛ کاریگەریی ژێکاف لەسەر بیچمگرتنی بیری ناسیونالیستی لە کوردستان؛ ڕوانگەی زلهێزەکانی وەک یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ ژێکاف و بەرنامە و سیاسەتیان بەنیسبەت پرسی کورد لە ئێران و؛ چەندی و چۆنیی گوتار و پرسی نەتەوەیی و ئامانجە بنەڕەتییەکانی ژێکاف لە بەردەوامیی کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا؛ چەند تەوەرێکی باسەکەی بەرێز سمایل بازیار بوون. لە تەوەرێکی دیکەی سمینارەکەدا مامۆستا هەژار هەورامی، مامۆستای زانکۆ لە هەولێر باسەکەی لەژێر ناوی"حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە" پێشکێش کرد.  بەڕێزیان لە باسەکەیدا سەرەتا ئاماژەی بە دروستبوونی دەوڵەت_نەتەوەکان لە بەرژەوەندیی زلهێزە جیهانییەکاندا کرد. پاشان بە تیشک خستنەسەر ناکامیی کوردەکان لە شۆڕشەکانی سەدەی 19 و 20 بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بەهۆی فاکتەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، باسی لە سیاسەت و ئایدیاکانی دەسەڵات و دەوڵەت نەتەوەکانی وەک ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی بۆ سڕینەوەی شوناس و کێیەتیی نەتەوەکانی دیکەی ئێران کرد. مامۆستا هەژار هەورامی لەو بەشە لە باسەکەیدا فەلسەفەی دروستبوونی حیزبی دێموکرات بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ئاسمیلەکرانی کورد لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی تارانی شی کردەوە و ئاماژەی بە مێژووی پڕ سەروەریی ئەم حیزبە لە خەباتی شوناسخوازیی کورد بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. لە برگەی سێهەمی سمینارەکەدا کاک مەنسوور مروەتی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی "28ی گەلاوێژ و 40 ساڵ ئاسنی ساردکوتان". بەڕێزیان لە باسەکەیدا بە ئاماژە بە فەرمانی جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی بە دژی کورد لە 28ی گەلاوێژی 1358ی هەتاویدا، باسی لە هۆکارەکانی ئەم فەرمانە کرد کە بووە هۆی هێرشی هەمەلایەنەی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان و سەپاندنی شەڕێکی بەردەوام کە لە فۆڕمی جۆراوجۆردا ماوەی 40 ساڵە درێژەی هەیە. کاک مەنسوور مرەوەتی لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا وێڕای ئاماژە بە ڕیزبەندێک لەو جینایەت و کۆمەڵکوژییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان  کردوویەتی، تیشكی خستەسەر لایەنی خۆڕاگری و بەرگریی کورد لەو ماوەیەدا و ئەو پێوەندییە نەپساوە و هەمیشەییەی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ئێران کە ڕێژیمی ناچار کرد لە 17ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا بە مووشەکی بالستیک لەو حیزبە بدا، جینایەتێکی دیکە کە لەویشدا بەهۆی وەدەنگهاتنی خەڵک سەرنەکەوت.